ئاماری سەرەتایی؛ لە دهۆک نزیکەی 100 ماڵ بەر لافاو کەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی سەرچاوەیەکی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەو لافاوەی ئەمڕۆی دهۆک جگە لە زیانی گیانی زیانێکی ماددی زۆری هەبووە.
سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت بەپێی ئاماری سەرەتایی؛ جگە لە گیانلەدەستدانی دوو کەس، نزیکەی 100 ماڵ، هەروەها نزیکەی 15 ئۆتۆمبێل ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-3-2024) بەر لافاو کەوتوون.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاونیشتمانییان کرد بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە. گوتیشی چەند ماڵێک بەهۆی لافاوەوە چۆڵکراون.
لە گەڕەکی سەرهەڵدانی شاری دهۆک، لافاو چووەتە نێو ماڵان و لە بەشێک لە کۆڵانەکان لافاو تاوەکو سەربانی ماڵەکان بەرزبووەتەوە، تیمەکانی فریاکەوتنیش بە شۆفڵ خەڵک لەنێو ماڵەکانەوە رزگار دەکەن.
گەڕەکەکە لە نزیک رووباری هیشکەڕۆیە بەهۆی بارانی بەلێزمەوە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە، ئاوی رووبارەکە بەرزبووەتەوە و چووەتە نێو گەڕەکی سەرهەڵدان و ئاو چووەتە نێو ماڵانەوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان سەرجەمیان بەنێو ئەو گەڕەکانەدا بڵاوبوونەتەوە کە کەوتوونەتە ژێر لافاوەوە، لە کۆمەڵگەی بەڕۆژکێ بە دوو شۆفڵ هاووڵاتییان لەو ماڵانە دەهێننە دەرەوە کە کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە.
هەر ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە کەوتە بەر لافاوەوە و بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژى پۆلیسى بەرگریى شارستانیى دهۆک بە رووداوی راگەیاند؛ "ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە ئاو بردوویەتی، توانیمان دوو لە سەرنشینەکان رزگاربکەین و دوو کەسەکەی دیکەش گیانیان لەدەستدا و بێسەروشوێنن".