سۆسیال دیموکرات: بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پابەندی بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبین

19-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، حیزبەکەیان پابەندی هەر بڕیارێک دەبێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بیدات. حیزبی شیوعیش رایگەیاند، هەركاتێك هەڵبژاردن بکرێت ئەوان ئامادەن و بەشداریی دەکەن.
 
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئاداری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر بڕیارێک لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت پێیەوە پابەند دەبین".
 
فەرهاد تۆفیق گوتی، دواخستن یان هەر گۆڕانکارییەک لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆندایە. گوتیشی، "پێمانوایە هەڵوێستی پارتی گوشارە لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق لە ئەنجامی ترسیان لەو شێوازی بەڕێوەبردنەی هەڵبژاردنی داهاتوو؛ ئەگەر هەیە بە رێککەوتنێک چارەسەر بکرێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دوێنێی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری ناکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوو، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن لە هەرێمی کوردستان، ئەو کاتە هەڵبژاردن هەڵدەوەشێتەوە و بەڕێوەناچێت، بەتایبەت پارتی کە زۆرینەی جومگەکانی کارگێڕی و سیاسیی و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە".
 
هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە دوای بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، لەسەر ئەو بنەمایە ئامادەکارییەکانیان کردووە. 
 
راشیگەیاندووە، "دوای کشانەوە و بایکۆتکردن لەلایەن بەشێک لەلایەن و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنین؛ پابەندی هەر گۆڕانکارییەک و بڕیارێک دەبین کە لەلایەن کۆمیسیۆن و بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر ئەم پرسە بدرێت، چونکە لە دواجاردا ئەو بڕیارە لەدەسەڵاتی بەڕێزیانە".
 
هەر لەو بارەیەوە، حیزبی شیوعی کوردستان دوێنی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لەسەرەتاوە ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووین و دوای بڕیارەكانی دادگەی ئیتحادیش تێبینی رەخنەگرانەمان لەمەڕ بڕیارەكانی هەبووە بۆ سیستەمی بازنەکردن؛ ئێستاش لە دەست حیزبی شیوعی نییە هەڵبژاردن بكرێت یان نەكرێت، ئەگەریش لەهەر كاتێكدا هەڵبژاردن سازكرا، ئێمە بەشدار دەبین".
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوەکەی دوێنیدا رایگەیاند: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و مەکتەبی سیاسیی پارتی تێیاندا روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە، کە لەبەشێکیدا دەڵێ: "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی 183 بەشدار بوو، بە دەنگی زیاتر لە 688 هەزار دەنگدەر 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، لەدوای ئەویشەوە یەکێتی بوو کە 21 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سرووشتی سەردەشت.

پاراستنی ژینگەی سەردەشت: هەوای سەردەشت پیس نییە

پاراستنی ژینگەی سەردەشت رەتیدەکاتەوە هەوای ئەو شارە رۆژی هەینی لە ئاستی ئێراندا پیسترین بووبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵەی لەبارەی مەترسیداربوونی هەوای سەردەشت بڵاوبووەتەوە، راست نییە.