هاتووچۆی هەولێر: بەهۆی خراپیی کەشوهەوا ئۆتۆمبێلەکانتان لە نزیک پردی سەیداوە رامەگرن

رووداو دیجیتاڵ

 

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە، ئۆتۆمبێلەکانیان لە نزیک پردی سەیداوە رانەگرن.
 
رۆژی دووشەممە 18ـی مارسی 2024، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێنراوێکدا هۆشداریی دا بە شۆفێرانی هەولێر "بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و باران، ئۆتۆمبێلەکانتان لەو شوێنانە رامەگرن کە ئەگەری کۆبوونەوەی باراناوی لێ هەیە." 
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بەدیاریکراوی دەڵێت؛ "بەتایبەتی ئۆتۆمبێلەکانتان نزیک پردی سەیداوە رامەگرن، کە پێشتر چەندین ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لێیەوە ژێرئاو کەوتوون و تووشی زیانی دارایی بوون"، داواش دەکات شوفێران پابەندی رێنماییەکانیان بن بۆ ئەوەی "دووربن لە رووداوی نەخوازراو."
 
ئێوارەی دووشەممە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ شەپۆلێکی چڕی باران لە درەنگانی ئەمشەوەوە روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی 15-02-2024 بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە هەولێر لەژێر پردی سەیداوە ئاو پەنگیخواردەوە و ئاستی ئاوەکە هێندە بەرزبووەوە نزیکەی 15 ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن و زیانیان بەرکەوت.