پارێزگاری هەولێر: ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ پشووی نەورۆز هاتوونەتە هەولێر


رووداو دیجیتاڵ 

سبەی دوایین چالاکییەکانی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە پارکی شانەدەری هەولێر بەڕێوەدەچن. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، چەندین هونەرمەندی ناسراو و گرووپی هونەری لە ئاهەنگی فراوانی جەماوەریی نەورۆزدا بەشدار دەبن. 
 
رۆژی یەکشەممە 19-03-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی چالاکییەکانی دوایین رۆژی 13یەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر گوتی، ئێوارەی دووشەممە 20ی ئادار بە هەڵکردنی مەشخەڵ و بەشداریی چەندین هونەرمەندی ناسراو و گرووپی هونەری، ئاهەنگی فراوانی جەماوەریی نەورۆز لە پارکی شانەدەر دەگێڕدرێت.
 
ساڵانە فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە بەیانیی رۆژی 11ـی ئادارەوە کە ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵکی هەولێرە، بە چەندین بڕگەی جیاواز دەستپێدەکات و تاوەکو 20ـی ئادار و هەڵکردنی مەشخەڵی نەورۆز بەردەوام دەبێت.
 
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ بەسەربردنی پشووی رۆژانی جەژن هاتوونەتە هەولێر و ''ئەوانیش بانگهێشت دەکەین لەم ئاهەنگە فراوانە جەماوەرییەدا بەشدار بن.'' 
 
 
هاوکات فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی گوت، بووەتە کولتوورێک بۆ خەڵکی هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کە چاوەڕوانی ئەوە بن هەموو ساڵێک ئاهەنگ و فێستیڤاڵی نەورۆز بکرێت.
 
فەرهەنگ غەفوور گوتیشی، ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی هەڵکردنی مەشخەڵی نەورۆز بەرەو کۆتایی دەڕۆن و سبەی جگە لەوەی هەندێک گوتار پێشکێش دەکرێن، گۆرانیبێژی ناسراو و دەنگخۆشیش ئاهەنگەکە دەڕازێننەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر لەبارەی ئەگەری بارانبارین و تێکچوونی ئاهەنگەکە ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانی پێشووش باران بەلێزمە باریوە، بەڵام کار و چالاکییە هونەرییەکان نەوەستاون و ئاگری نەورۆزیش هەر کراوەتەوە. 
 
ساڵانە ئێوارەی 20ـی ئادار، وەکو پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و وەرزی بەهار، وەکو نەریتێک لە هەرچوار پارچەی کوردستان ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.
 
هەموو ساڵێک، گەشتیارێکی زۆر بە مەبەستی بەشداریکردنی ئاهەنگی نەورۆز دێنە هەرێمی کوردستان. بەگوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە دەروازەکاندا هاوکاریی زۆری گەشتیاران دەکەن؛ گوتیشی، ''هاتنی گەشتیاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان بەراورد بە رابردوو زیادی کردووە. بۆ نموونە ساڵانی پێشتر 15% بۆ 18%ـی گەشتیاران بیانی بوون، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 25%."