شەش کەس بەتۆمەتی دزیکردن لە ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

لە ئیدارەی راپەڕین، شەش کەس کە خزمی یەکدین و تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 40 ساڵە، بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران.
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین لە قەڵادزێ و حاجیاوا شەش کەسیان بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیر کردووە، کە پەیوەندی خزمایەتییان لەگەڵ یەکدیدا هەیە.
 
بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل، ئەو باندە پێکهاتوون لە چوار کەس لە رەگەزی مێ و دوو کەسی رەگەزی نێر، لە چەند شوێنێکی جیاوازی نێو بازاڕی قەڵادزێ، رانیە، حاجیاوا، هەولێر و پێنجوێن دزی جۆراوجۆریان کردووە و پارە و زێڕ و مۆبایلیان دزیوە.
 
گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت دزەکان تەمەنیان لەنێوان 12 تاوەکو 40 ساڵە و سێ کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران، دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و ئێستا بەپێی ماددەی 446 راگیراون.