ئەنجوومەنی ئاسایش: هێلیکۆپتەرەکان بێ ئاگاداریی هەرێمی کوردستان لەنێوان رۆژئاوا و سلێمانیدا فڕیون

19-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو - هەولێر 

لە راگەیێندراوێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکانی هەفتەی رابردوو لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و سلێمانیدا فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداربکەنەوە.
 
لە راگەیێندراوێكدا رۆژی یەکشەممە 19ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاندووە دوو هێلیکۆپتەر کەوتوونەتە خوارەوە و نۆ ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام "ئێمە تەنیا کەوتنە خوارەوەی یەک هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی حەوت کەس پشتڕاست دەکەینەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "ئەو هێلیکۆپتەرانە لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و سلێمانیدا فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکەنەوە".
 
ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت: "بەگوێرەی زانیاری و بەڵگەی بەردەست، ئەو هێلیکۆپتەرانە لە چەند بنکەیەکی سلێمانی دادەبەزن و بەرەو رۆژئاواش دەفڕن. زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە لایەنێک لە سلێمانی بەشێوەیەکی نهێنی و نافەرمی رێگەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندییەکانی هەسەدە و پەکەکە و بە چەندین جۆری جیاواز هاوکارییان کردوون".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا کە پەیجی دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "داوا لە هاوپەیمانان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین روونکردنەوە بدەن کە ئەم هێلیکۆپتەرانە بە کام مۆڵەت بە ئاسمانی خاکی هەرێمی کوردستاندا دەفڕن. کێ بەرپرسیارییەتی ئەم کارە نایاساییەیان هەڵدەگرێت؟"
 
لەسەر هەمان بابەت، دوێنی شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو هێلیکۆپتەرەی رۆژی چوارشەممە لە سنووری چەمانکێ کەوتە خوارەوە "لە بنەڕەتدا لە لایەن گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کڕدرابوو، بەڵام چۆن گەییشتنە لای هەسەدە؟ نازانین." لەبارەی هێلیکۆپتەری دووەمیشەوە، مەسرور بارزانی گوتی، هیچ لەبارەیەوە نازانن.
 
کاژێر 09:00ـی شەوی چوارشەممەی رابردوو، لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک هێلیکۆپتەرێک کەوتەخوارەوە و تێکشکا. رۆژی هەینی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوو هێلیکۆپتەر" بوون و گوتی، "9 شەڕڤانمان شەهید بوون".
 
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەیدا گوتیشی، ئەو دوو هێلیکۆپتەرە لە کاتی گواستنەوەی هێزێکی دژەتیرۆری سەربە ئەوان لە کاتێکدا لە رێگەدا بوون بۆ شاری سلێمانی، لە سنووری پارێزگای دهۆک تێکشکان و بەهۆیەوە "9 شەڕڤانمان شەهید بوون."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لە هەواڵی ئەکرەم ساڵحی پرسی

نێچیرڤان بارزانی: بەدواداچوون بۆ کەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح بکرێت

نێچيرڤان بارزانى له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵحى پرسى، كه‌ دوێنێ له‌به‌رده‌م ماڵى خۆيدا له‌ كه‌لار له‌ هه‌وڵێكى تيرۆركردن به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى، رزگار بوو.