رووداو - هەولێر
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر ئیکوادۆر و پیرۆی هەژاند و بەهۆیەوە لانیکەم 14 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 18ـی ئاداری 2023، ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا رایگەیاند کە کاژێر 12:12 خولەک بەکاتی نێوخۆ [ 20:12 خولەک بەکاتی هەولێر] بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلە و بە قووڵایی 66 کیلۆمەتر دوو وڵاتەکەی رۆژئاوای ئەمریکای لاتینیان هەژاندووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیکوادۆر، چەقی بوومەلەرزەکە پارێزگای بالاوی وڵاتەکە بووە کە هاوسنوورە لەگەڵ پیرۆ.
سەرۆکاتیی ئیکوادۆر رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ژمارەیەک باڵەخانە رووخاون کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 13 کەس. گوتیشی کە چەند کەسێک بەهۆی بوومەلەرزەکەوە برینداربوونە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، بەبێ ئەوەی هیچ ئامارێکی دیاریکراو باسبکات.
هاوکات، بەرپرسانی پیرۆ رایانگەیاند کە لە شاری تومبیسی هاوسنوور لەگەڵ ئیکوادۆر، کچێکی تەمەن چوار ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی بلۆکێک بەسەریدا، گیانی لەدەستداوە.
لە ساڵی 2016 دا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەنابیی رۆژئاوای ئیکوادۆر روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 673 کەس و زیانی داراییی سێ ملیار دۆلاری بە وڵاتەکە گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ