شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ کاردانەوەی بەدواداهات

19-03-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاهەنگی نەورۆز ئەمڕۆ یەکشەممە 19-3-2023 لە گۆڕەپانی یەنیکاپی-ی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و ئاڵای کوردستانیش لە بەرزاییەکانی ئەو گۆڕەپانەدا شەکێنرایەوە. لەسەر ئەوە، بەشێک دەستخۆشی و پیرۆزبایی دەکەن و بەشێکیش ناڕەزایی دەردەبڕن.
 
ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە چەندین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ یەکشەممە 19-3-2023 ئیستەنبووڵییەکان لە گۆڕەپانی یەنیکاپی ئاهەنگی نەورۆزیان گێڕا. لە ئاهەنگەکەدا ئاڵای کوردستانیش لە دەستی هاونیشتمانییان دەبینرا.
 
هەروەها ئاڵایەکی کوردستان لە بەرزترین خاڵی گۆڕەپانەکە کە سەربانی سەکۆی ئاهەنگەکە بوو، شەکێنرایەوە. ئەمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادا کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 
میدیای باکووری کوردستان و تورکیا وێنە و ڤیدیۆی ئاڵای کوردستانیان لە بەرزایی گۆڕەپانی یەنیکاپی-ی ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە. بەشێک دەستخۆشی و پیرۆزبایی دەکەن و بەشێکیش ناڕەزایی نیشاندەدەن و رەخنە لە ئاکپارتی دەگرن. 
 
حوسەین باش، سەرۆکی گشتیی پارتی سەربەخۆی تورکیا لە تویتێکدا وێنەی ئاڵای کوردستانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "کاتێک بە نزیک یەنیکاپی دا تێپەڕیم، شاهێدی گردبوونەوەیەک بووم. لە گۆڕەپانەکەدا بەناو ئاڵای کوردستان هەڵدرابوو. وادیارە ئەوانەش کاردەکەن تا ئەردۆغان بیباتەوە. ناتوانن ئەم کۆمەڵگەیە دابەش بکەن!"
 
سدقی زیلان، پارێزەر و سیاسەتڤانی کوردی باکووری کوردستان بە تویتێک وەڵامی حوسەین باشی داوەتەوە و نووسیویەتی: "دەوڵەتەکانی وەکو تورکیا، هەرێمی دەوڵەتە فیدراڵەکان (وەکو هەرێمی کوردستان) و نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش ئاڵایان هەیە. گەلی کوردیش چ وەکو خەڵک چ وەکو هەرێم یانیش دەوڵەتی داهاتووی کوردستان، ئاڵای هەیە و ئاڵاکەی دیارە."
 
مەقبوولە سەرچە، یەکێکە لەو کچە کوردانەی لە ئاهەنگەکەدا بەشداربووە و وێنەی خۆی لەکاتی شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان بڵاوکردووەتەوە، ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو جۆشوخرۆشەی لەوێدا هەیە، زۆر جیاوازە و هیوا بە رووحی مرۆڤ دەدات. لەو کاتەدا خۆتت بیردەکەوێتەوە. مردن، راگوێزان و گوشارەکان بە لایەک، عەشقی نیشتمان بەلایەک کە لە سەرووی ئەوانەوەیە. من وەکو کچە کوردێک شانازی بە ناسنامەی خۆمەوە دەکەم."

 

 
سەرچە هەروەها باسی لەوە کرد، چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەو ئاڵایەی کوردستانی لە گۆڕەپانی نەورۆز وەرگرتووە و لە ماڵەوە پاراستوویەتی. 
 
پێشتر ئاڵای کوردستان لە ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا لەکاتی پێشوازیکردنی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانراوە. پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن زۆر جار رەخنەیان لە حکومەتی ئاکپارتی گرتووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر هاونیشتمانییان تۆمار دەکەن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لیژنەی سەرژمێری: پێش کاژێر 12:00ـی شەو پەیوەندی بکەن

سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون، پێویستە بە "زووترین" کات لە رێگەی هێڵی گەرمی 567ـەوە پەیوەندییان پێوە بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای دهۆکیش باس لەوە دەکات، لە بەشێکی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش سەرژمێری درەنگ دەستیپێکردووە و تەواونەبووە.