'ساختەکارێک' بەڕێوەبەری هەواڵگریی موسڵ دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی هەواڵگریی شاری موسڵ دەردەچن بۆ دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەی حکومی، بەڵام ساختەکارەکە رووبەڕوویان دەبێتەوە و بەڕێوەبەری هەواڵگریی شارەکە دەکوژێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-03-2021 سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی هەواڵگریی شاری موسڵ بۆ دەردەچن بۆ دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەی حکومی، بەڵام ساختەکارەکە رووبەڕوویان دەبێتەوە و عەمید سەعد حیکمەت ئەترووشی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی شارەکە دەکوژێت.
سیروان رۆژبەیانی گوتی، "بکوژەکە تۆمەتبارە بە ساختەکردنی بەڵگەنامەی حکومی، تابلۆی ئۆتۆمبێل و چەندین تاوانی دیکە، کە زانیویەتی بۆ دەستگیرکردنی دەچن، بۆسەی بۆ داناون و تەقەی لێکردوون."
بە گوتەی جێگری پارێزگاری نەینەواو، بکوژەکەش کە بە رەچەڵەک کوردە، بە برینداری دەستگیرکراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.