رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەمەودا حکومەتی هەرێمی کوردستان زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا دابەشناکات، بەڵکو یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستدەکرێت.
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 19-3-2023 بە رادیۆی رووداوی گوت، لە ساڵانی رابردوودا هەزاران پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا دابەشکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەی نیشتەجێبوونی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمی کوردستاندا چارەسەرنەکراوە.
عادل مەلا ساڵح گوتیشی، لە دوایین کۆبوونەوەی ساڵی 2022ی ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشنیازی ئەوەی کرد لەبری ئەوەی زەویی نیشتەجێبوون بدرێتە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستبکرێت؛ بۆ ئەو مەبەستەش لەنێوان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کۆنووسێکی هاوبەشیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی لەداهاتوویەکی نزیکدا دەست بەو کارە بکرێت و "مەزەندە دەکەین تاوەکو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێن."
عادل مەلا ساڵح گوتی: "لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی 11 هەزار و 141 پارچە زەوی بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان سیاسی، بەڵام لە بەشێک لە شارەکاندا هێشتا زەوی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشنەکراوە کە فەرمانەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەیانگرێتەوە بەهۆی ئەوەی دەڵێن زەویی تەرخانکراومان نییە دابەشی بکەین. وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بەردەوام لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی ئەوانەی فەرمانیان هەیە سوودمەندبن."
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت:"ئەوانەی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی، لەمەدوا ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە کە یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکرێت و بەسەریاندا دابەشبکرێت. بەشێک لەو 11 هەزار ناوەی کە فەرمانی پێدانی زەوییان هەیە و ئەگەر زەوییان بەسەردا دابەشنەکرێت، پێدەچێت لەو یەکانە سوودمەندبن کە لە داهاتوودا بۆ کەسوکاری شەهیدان دروستدەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ