گۆڤاری فۆربیس فارووقی مەلا مستەفا بە یەکێک لە 100 کەسایەتییە کاریگەرەکان هەڵدەبژێرێت


رووداو دیجیتاڵ 

گۆڤاری فۆربیسی ئەمریکی فارووقی مەلا مستەفا وەک یەکێک لە 100 کەسایەتی سەرکردەی بواری چاودێری تەندروستیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ساڵی 2023 دیاری دەکات. 
 
گۆڤارە بازرگانییەکە لیستێکی بڵاوکردووەتەوە و 100 لەو کەسایەتییانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێدایە کە زۆرترین گرنگییان بە کەرتی تەندرووستی داوە. فارووق مستەفا رەسوول ناسراو بە فارووقی مەلا مستەفا بە 81كەمین کەسایەتی دیاریکراوە. 
 
فارووقی مەلا مستەفا رۆشنبیر، بازرگان و کەسایەتییەکی دیاری شاری سلێمانی و باشووری کوردستانە. لەپاڵ ئەوەی کە خاوەنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق هۆڵدینگە، هاوکات دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی شاری پزیشکیی فارووقە لە سلێمانی. 
 
فارووقی مەلا مستەفا لەبەرامبەر ئەو خەڵاتە سوپاسی هاوەڵ و هاوبەشان و کارمەندانی نەخۆشخانەکەی دەکات و دەڵێت: "وەرگرتنی ئەم رێزلێنانە لەلایەن 'Forbes'ـەوە شانازییەکی گەورەیە بۆ من. زۆر سوپاسی هاوەڵ و هاوبەشەکانم و کارمەندان دەکەم بۆ پشتگیری و لەخۆبوردوویی بەردەوامیان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکەمان." 
 
فارووقی مەلا مستەفا ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم دانپێدانانە هەر شایەتییەک نییە لەسەر کاری جیدیمان، بەڵکو هانی زیاترمان دەدات بەردەوام بین لە باشترکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە کواڵیتییەکی بەرز بە نەخۆشەکانمان."
 
فۆربیس ئاماژە بە سامانی بازرگانە کوردە خێرخوازەکە دەکات و دەڵێت: "فارووق هۆڵدینگ لە 27 کۆمپانیا پێکدێت کە لە 12 کەرتی جیاجیادا کاردەکەن، لەوانەش تێلیکۆم، تەکنەلۆجیای زانیاری، چیمەنتۆ، بیناسازی، پیشەسازی، وزە، گەشەپێدان، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، میوانداری و چەندینی دیکە."
 
شاری پزیشکی فارووق نەخۆشخانەیەکی ئەهلییە کە لە 14-04-2014ەوە کرایەوە. لەسەر رووبەری 70 هەزار مەتر چوارگۆشە لە شاری سلێمانی بنیادنراوە، 210 قەرەوێڵە و زیاتر لە 190 پزیشک لەخۆدەگرێت کە دابەشبوون بەسەر 37 بەش و 11 هۆڵی نەشتەرگەریی.