یەکەمین خەڵاتی دەزگای جەمال نەبەز رۆژی نەورۆز لە بەرلین رادەگەیێندرێت
رووداو - هەولێر
یەکەمین خەڵاتی جەمال نەبەز لەلایەن دەزگای جەمال نەبەزەوە لە بەرلین رادەگەیێندرێت و لە رێوڕەسمێکیشدا خەڵاتەکە پێشکێشی وەرگرەکەی دەکرێت.
رۆژی یەکشەممە 19ـی ئاداری 2023، سیروان رێناس، رێکخەری لیژنەی خەڵاتی جەمال نەبەز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ ماوەیەک لە ماڵپەڕی دەزگای جەمال نەبەز و سۆشیال میدیاوە داوامان لە هاونیشتمانیان کرد کە کێ بە شیاوی وەرگرتنی خەڵاتی جەمال نەبەز دەزانن پێشنیازی خۆیان بکەن. حەوت ئەندامی لیژنەکەش پێشنیازی خۆیان هەیە، بەڵام لیژنەکە تەنیا یەک کەس بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە هەڵدەبژێرێت".
سیروان رێناس ئاماژەی بەوەشکرد کە رۆژی 21ـی ئادار لە راگەیێندراوێکدا براوەی یەکەمین خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین ئاشکرا دەکەن؛ گوتیشی: "دواتر لە رێوڕەسمێکدا کە تائێستا بە دیاریکراوی کاتەکەی دەستنیشاننەکراوە خەڵاتەکە دەبەخشینە کەسی براوە".
رێکخەری لیژنەی خەڵاتی جەمال نەبەز ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوانەی خزمەتیان بە زمانی کوردی، کولتووری کوردی، سیاسەت، هونەری کوردی یان خزمەتێکی زانستییان کردبێت، یانیش خزمەتێکی کوردستانیان کردووە و جێگەی دەستیان دیاربووە دەتوانن خەڵاتەکە وەربگرن، بەبێ جیاکاری لە نەتەوەدا.
لیژنەی خەڵاتی جەمال نەبەز حەوت کەس لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دیاسپۆراوە تێیدا ئەندامن.
خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین دوو ساڵ جارێک دەدرێت و لەلایەن دەزگاکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە دکتۆر هانەلۆرە کویشلەر، سەرۆکی دەزگاکەیە؛ کۆیشلەر خەڵکی ئەڵمانیایە و هاوژینی جەمال نەبەز بووە و ماوەی 40 ساڵ پێکەوە ژیاون.
جیا لەو خەڵاتەی بڕیارە لە بەرلین ببەخشرێت، لە سلێمانیش رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز هەیە؛ ساڵانە لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز پێشکێشی کەسێک دەکەن و تاوەکو ئێستا دوو خەڵاتیان لە ساڵانی 2021 و 2022 پێشکێش کردووە، خەڵاتی یەکەم لە1-12-2021 بە جەلیلی جەلیل، كەسایەتی ئێزدی لە ئەرمینا بەخشرا؛ خەڵاتی دووەمیش لە 3-12-2022 بەخشرایە میشێل نێزنبێرگ وەکو یەکێک لەو نووسەرانەی بەرگریکاری دۆزی کورد بووە.
پرۆفیسۆر د.جەمال نەبەز لە ساڵی 1933دا لە شاری سلێمانی لەدایكبووە. لە سەرەتای خوێندنیدا جگە لە خوێندنی ئیسلامی، فەلسەفە و دەروونزانی و فیزیا و ماتماتیكی خوێندووە. لە ئەڵمانیا زانستە سیاسییەكان و رۆژنامەڤانی و یاسای خوێندووە.
لە شارەكانی كەركووك، هەولێر، بەغدا و بەسرە وانەی گوتووەتەوە. دوای ئەوە ماوەیەك لە زانكۆی ئازاد لە بەرلین مامۆستا بووە. پەیوەندی لەگەڵ ژماریەك بیرمەندی جیهانیدا هەبووە.
لە ساڵی 1962دا چووەتە ئەوروپا بۆ تەواوكردنی خوێندن و پاشان لە زانكۆكانی میونیخ، ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامیی و ئێرانناسی و شێوازی گوتنەوەی وانەی خوێندووە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری مێژوودا وەرگرتووە، بە لێكۆلینەوەیەكی زانستیی لەسەر میر محەممەد رواندزی.
رۆژی 08-12-2018، پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز لە تەمەنی 85 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.