لە سنووری گەرمیان داعش هێرشی کردە سەر سێ شوانی کورد
رووداو دیجیتاڵ
شەش چەکداری داعش لە سنووری نێوان خورماتوو و کفری گەمارۆی سێ شوانی کوردیان دا. فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێت، سێ شوانەکە سەلامەتن و پێشمەرگە بەهانایانەوە چووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی دوڕاجی کە دەکەوێتە نێوان خورماتوو و کفری، سێ شوانی کورد کە خەریکی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان بوون، لەلایەن شەش چەکداری داعشەوە گەمارۆ دران."
ئەو فەرماندەیە گوتیشی، "ئەو سێ شوانە چەکیان پێبووە و بەرەنگاری چەکدارە داعشەکان بوونەتەوە، دوای شەڕەتەقەیەکی زۆر، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە بەهانایانەوە چوون و رزگارکران و، داعشەکان هەڵاتن."
بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، "ئەو ناوچەیە جموجۆڵی چەکدارانی داعشی تێدایە و شوانەکان زۆر لە ئاوەدانی دوورکەوتوونەتەوە، بۆیە ئەو چەکدارانە بە هەلیان زانیوە و هێرشیان کردووەتە سەریان."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، "هەر سێ شوانەکە سەلامەتن، بەڵام چەند سەر مەڕێک بەهۆی شەڕەتەقەکەوە مرداربوون."
گوندی دوڕاجی، کەوتووەتە ناحیەی نەوجول لە قەزای کفری.