رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، بنکەی تەندروستیی گوندی کاولانە سەر بە قەزای کۆیە، بەهۆی نەبوونی پزیشک و کارمەندی تەندروستی چوار ساڵە بنکەکە داخراوە.
گوندی کاولان بەتەنیا نییە، بەڵکو 8 گوندی دیکەی سنووری قەزای کۆیە بەهۆی خانەنشینبوونی کارمەندەکان و دانەنانی کارمەندی دیکە لە شوێنیان، بنکە تەندروستییەکانیان بە تەواوەتی داخراون.
حاجی کەریمی تەمەن 77 ساڵ دانیشتووی گوندەکەیە و نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و رۆژانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەناچاری سەردانی قەزای کۆیە دەکات
کەریم عەزیز، لەبارەی بوونی بنکەی تەندروستی لە گوندەکەیان دەڵێت، "ئەگەر دکتۆریش نەبێت، یاریدەدەرێکی لێبێت بۆ پێدانی چارەسەر و دانانی ئاو زۆر باش دەبێت، خۆم نەخۆشی درێژخایەنم هەیە و لە پارەوە زیاتر لە 50 جار سەردانی هەولێرم کردووە."
لە گوندی کاولان زیاتر لە 15 ماڵ هەن، نزیکەی 100 کەسی دانیشتووی گوندەکە بێ خزمەتگوزاری تەندروستین.
موحسین کەریم، دانیشتووی گوندەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێرە گوندە و حاڵەتی مار و دووپشک پێوەدان دەبێت یان نەخۆشی، بۆیە ئەگەر لە گوندەکە بنکەی تەندروستی هەبێت زۆر باشترە لەوەی بچیت بۆ شارێکی وەکو کۆیە کە 30 کیلۆمەتر دوورە."
تەندروستیی کۆیە دەڵێت چەند جارێک گرفتی کەمیی کارمەند و داخرانی بنکە تەندروستییەکانی سنوورەکەیان بە وەزارەتی تەندروستی گەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی نەبووە.
شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە سنووری قەزای کۆیە لە 2013ـەوە نە بە گرێبەست نە بە هەمیشەیی کەسمان بۆ دانەمەزرێندراوە، بۆیە ئەمە کاریگەری لەسەر نەخۆشخانەکان دروستکردووە، چونکە کاتێک کارمەندێک خانەنشین دەبێت، ناچارین ئەو شوێنانەی زۆر پێویستن بەردەوام بن."
لە سنووری قەزای کۆیە 59 نەخۆشخانە و بنکە و مەڵبەندی تەندروستی هەن. سەرەڕای گرفتی داخرانی بەشێک لەو بنکانە بەشێکی دیکەیان بەهۆی کۆنی و خراپی بیناکانیان پێویستیان بە نۆژەن کردنەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ