سەرۆک بارزانی: ئازاردانی جووتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکووک دەرخەری عەقڵیەتی شۆڤێنییە

19-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی ئازاردانی جووتیارە کوردەکان سەرۆک بارزانی گوتی، "ئازاردانی جووتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکووک دەرخەری عەقڵیەتی شۆڤێنییە."
 
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و دانیاڵ رۆبنستن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران.
 
لە کۆبوونەوەکەدا رۆشنایی خرایە سەر دەرئەنجامەكانی سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون. ئەمە بەگوێرەی بارەگای بارزانی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی "وێڕای ئاماژەدان بە رەفتاری نابەجێ و ئازاردانی جووتیارانی كورد لە پارێزگای كەركووک هێمای بەوەدا كە ئەم رەفتارانە دەرخەری عەقڵیەتی شۆڤێنییە و دیمەنەكانی جینۆسایدی گەلەكەمان دێنێتەوە یاد".
 
سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە "پێویستە لە عێراقدا لە چوارچێوەی دەستوور كار بە پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق بكرێت".
 
رۆژی دووشەممە لە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام سوپای عێراق بە هەمەر رێگریی لێ کردن و ئازاریان دان.
 
لەبارەی خۆڕاگریی جووتیارانەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: "دەستخۆشی لەو كوردە قارەمانانە دەكەم كە لە بەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییە خۆڕاگر بوون و با باش بزانن كە ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین".
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە