سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی ئیمراڵی کۆدەبنەوە

19-02-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کۆببێتەوە. 
 
شاندی ئیمراڵی رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 
 
بڕیاربوو کارەکانی شاندەکە رۆژی سێشەممە کۆتایی بێت، بەڵام گۆڕانکارییەک لە بەرنامەکەدا کراوە. شەوی سێشەممە شاندەکە گەڕایەوە هەولێر، بڕیارە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و هەر ئەمڕۆ بگەڕێنەوە.
 
شاندی ئیمراڵی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 
 
شاندەکە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان.
 
لەدوای گەیشتنیان بە هەرێمی کوردستان، شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو، کە کاژێر و 45 خولەکی خایاند. دەم پارتی رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا "سەبارەت بە دیدارەکانی پێشوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، زانیارییان بە سەرۆک بارزانی دا."
 
بارەگای بارزانیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سەرۆک بارزانی "جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەك تاكە رێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە" و، بە پێویستی زانی "هەموولایەک هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕبكەنەوە كە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام."
 
لەدوای کۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندی ئیمراڵی رایانگەیاند "کۆبوونەوەکانمان زۆر ئەرێنی بوون، بۆیە مزگێنی دەدەینە خەڵکی خۆمان و خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە