سبەی دوا وادەیە بۆ تۆماری بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان

19-02-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سبەی وەکو دوایین وادە بۆ تۆمارکردن و نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە و بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکیش دەڵێت، پێناچێت وادەکە درێژبکرێتەوە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 20ـی شوباتی 2024ـی وەک دوایین وادەی تۆمار و نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە و تاوەکو ئێستا لە دهۆک 82%ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە تۆماری بایۆمەترییان کردووە. جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێریش دەڵێت، لە پارێزگای هەولێر رێژەکە لەنێوان 80% بۆ 85%ـە.
 
رۆژی دووشەممە، 19ـی شوباتی 2024، بۆتان شێرکۆ، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی دوا وادەی تۆمار و نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەترییە لە هەرێمی کوردستان و بۆ درێژکردنەوەی وادەکەش چاوەڕێ دەکەین رێنمایی نوێمان لە نووسینگەی گشتی لە بەغداوە پێبگات".
 
جێگری بەرێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا لەنێوان 80% بۆ 85 %ـی ئەو کەسانەی لە هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە.
 
رۆژی 1ـی شوبات، بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان دەست بە تۆمارکردنی لەدایکبووانی ساڵی 2006 و ئەو کەسانەی دیکەش کرا کە تۆماری بایۆمەترییان نەکردبوو و رۆژی 20ـی شوباتیش وەکو دوا وادە دەستنیشانکرا.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "پێشنیازی درێژکردنەوەی وادەکە دەکەین، بەڵام پێناچێت جارێکی دیکە درێژبکرێتەوە".
 
بە گوتەی خالید عەباس، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوازی هەڵبژاردنی 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەبێت و دەشڵێت، تاوەکو ئێستا پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەرزترین ئاستی تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە.
 
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە 82%.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت. 
 
هەڵبژاردنەکە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئەویش چاوەڕێی بڕیاری دادگەی فیدراڵییە کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."