دادگەى فیدراڵیى عێراق سێ سکاڵا لەبارەى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێی سێ سکاڵا دەکات کە سێ کەسایەتى کریستیان، تورکمان، شیعە دژى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک پێشکێشیان کردووە و داوا دەکەن وردبینى لەو تۆمارەدا بکرێت و ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، ئەمڕۆ (دووشەممە، 19-2-2024) ئەو دادگەیە تاوتوێى سێ سکاڵا دەکات، کە تایبەتن بە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک بۆ هەڵبژاردن.
 
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن ئەمیل بوترووس قوستەنتین پێشکێش کراوە، کە بەربژێرى کۆتای کریستیانەکان بوو بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک. 
 
ئەمیل لەو سکاڵایەدا داوا دەکات ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک هەڵبووەشێندرێتەوە، پاساوەکەش ئەوەیە گوایە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق وردبینیی لە تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە نەکردووە، وەک ئەوەى لە هەموارى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى ساڵى 2023 هاتووە.        
 
بە گوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە هاوئاهەنگیی وەزارەتەکانى ناوخۆ، تەندروستى، بازرگانى، داد، پلاندانان، لەگەڵ نوێنەرانى پێکهاتەکانى کەرکووک لە پەرلەمانى عێراق پێکهێندرا بۆ وردبینیی تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک و وردبینییەکەش کرا. 
 
سکاڵایەکى دیکە کە دادگەى فیدراڵى تاوتوێى دەکات، لەلایەن حەسەن تۆرهان، سەرۆکى بەرەى تورکمانى پێشکێش کراوە دژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان، کە تێیدا داوا دەکات کۆمیسیۆن ناچار بکات وردبینى لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک بکات. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر لە رۆژی 23ـی تشرینى یەکەمى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەى بۆ تانەدان لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک دیاریکرا، هیچ تانەیەک پێشکێش نەکرا.
 
سکاڵاى سێیەم لەلایەن محەممەد مەهدى بەیاتى، سەرۆکى هاوپەیمانیى کەرکووکونا تۆمار کراوە، کە لایەنە شیعەکان پێکهێنەرى ئەو لیستەن و نەیانتوانى هیچ کورسییەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بەدەستبهێنن. 
 
محەممەد مەهدى بەیاتى کە هاوکات بەرپرسی رێکخراوى بەدرە لە کەرکووک، داوا دەکات ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک رەتبکرێتەوە، پاساوەکەشی ئەوەیە؛ گوایە تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە وردبینیی بۆ نەکراوە. 
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ـی کانوونى یەکەمى ساڵى رابردوو، لە کۆى 16 کورسییەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، یەکێتى پێنج کورسی و پارتى دوو کورسی ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێنا.
 
هاوپەیمانیی عەرەبییە سێ کورسی بەدەستهێنا؛ هاوپەیمانى عرووبە یەک کورسی و هاوپەیمانیى قیادە دوو کورسیان بردەوە؛ بەرەى تورکمانى یەکگرتوو دوو کورسی ئەنجوومەنى پارێزگاى هەیە، بزووتنەوەى بابلیوون تاکە کورسی کۆتایى کریستیانەکانى کەرکووکى بردەوە.