حکومەت: هاووڵاتیانی 53 وڵات دەتوانن بەبێ ڤیزەی پێشوەختە بێنە هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بەپێی رێنماییەکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانی 53 وڵاتی جیهان دەتوانن بەبێ ڤیزەی پێشوەختە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە تەنیا لەسەر سنوور، پاسپۆرت پێشکەش دەکەن و ڤیزای ئەلیکترۆنی وەردەگرن و دێنە ناو هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانی ئەو 53 وڵاتەی جیهان، کە دەتوانن بەبێ ڤیزەی پێشوەختە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. بریتین لە هاووڵاتیانی: ئەمەریکا، بەریتانیا، چین، رووسیا، ئوسترالیا، نیوزلەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، کەنەدا، ئیمارات، کوێت، قەتەر، تورکیا، ئێران، لاتڤیا، لیتوانیا، لۆکسەمبۆرگ، ماڵتا، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، پورتوگال، رۆمانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا، سوێد، سویسرا، نەمسا، بەلجیکا، بەرازیل، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، یۆنان، چیک، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، ئەلبانیا، ئێرلەندا، ئایسلەندا، ئیتاڵیا، لوبنان، فاتیکان، لیخنشتاین، سعودیە، عومان، بەحرێن و ئوردن.
 
هەر بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەرجێکی دیکەی وەرگرتنی ڤیزەکە ئەوەیە، پاسپۆرتی پێشکەشکار، لانیکەم شەش مانگی مابێت بەسەرچێت.
 
بەپێی نوێترین ریزبەندی کە رۆژی 10-01-2024 لەلایەن کۆمپانیای هێنڵی تایبەت بە پێوانی ئاستی پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان بڵاوکراوەتەوە، هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی پاسپۆرتی عێراقین، دەتوانن بەبێ ڤیزە سەردانی 31 وڵات بکەن، ئەوانیش بریتیین لە: بوروندی، کەمبۆدیا، دوورگەکانی کاپ ڤێردی، دوورگەکانی کۆمۆرۆ، دوورگەکانی کوک، جیبۆتی، دۆمینیکا، گینیا بیساو، هایتی، ئێران، کینیا، لوبنان، ماکاو، ماداگاسکار، مالیزیا، ماڵدیڤ، مۆریتانیا، میکرۆنیزیا، مۆزەمبیق، نییو، دوورگەکانی پالاو، رواندا، ساماو، سیشێل، سۆماڵ، سریلانکا، سورینام، تیمۆرلێستێ، تۆگۆ، توڤالو و زامبیا.
 
هەروەها ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییانی عێراقی دەتوانن بە ڤیزەی ئەلیکترۆنی سەردانی بکەن بریتیین لە: ئەلبانیا، ئەنتیگوا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، بەنین، کۆڵۆمبیا، میسر، ئەسیوپیا، گابۆن، جۆرجیا، گینیا، قیرغستان، لیسۆسۆ، مۆڵدۆڤا، مۆنتسێرات، عومان، قەتەر، ساوتۆم، سەینت کیتس، تاجیکستان، تورکیا، ئۆگەندا، ئیمارات، ڤیێتنام و زیمبابوێ.
 
بەپێی ریزبەندیی کۆمپانیاکە عێراق لەسەر ئاستی جیهاندا خاوەنی سێیەم خراپترین پاسپۆرتی جیهانە.
 
کۆمپانیای هێنڵی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2006 دەستی بە پێوانەکردنی پاسپۆرت کردووە، ئەوکات عێراق لە پلەی 81 بوو، بەڵام ئێستا دوو پلە لە پێش کۆتاییە و تەنیا سووریا و ئەفغانستان لە دوای عێراقەوە دێن.