رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی لە ماوەی مانگێکدا نرخی کیلۆیەک ئاژەڵ بە زیندوویی هەزار بۆ دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە. ئاژەڵدارەکانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانیش دەڵێن ئاژەڵ کەمبووەتەوە بۆیە بەهاکەی گرانبووە.
محەممەد کەمال، ئاژەڵدارە و دەڵێت، "ساڵان ئەم کاتانە بەرخێکی زۆر دەهاتە ئەم مەیدانەوە، بەڵام ئێستا هەموو مەیدانەکە بگەڕێ 50 سەری تێدا نییە، کیلۆی بە 10 هەزار دینارە، هەرچەندە خۆم گۆشتفرۆش نیم، بەڵام بۆ ئەو هەر کیلۆیەکی نزیکەی 22 هەزار دیناری لەسەر دەکەوێت، حکومەتیش هیچ هاوکاری و پاڵپشتییەکی بۆ کاسبکاران نییە."
بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لە ناوخۆ دابینبکرێت، کە نزیکەی 75 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت.
ئەو هاوردەیەش لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریا و بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لە چەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت.
محەممەد قادر، بازرگانی ئاژەڵە و دەڵێت، هۆکاری گرانبوونی ئاژەڵ کەمبوونەوەیەتی، پێشتر ئێمە لە ئێرانەوە ئاژەڵی ئەرمینیا و جۆرجیامان دەهێنا، بەڵام ئێستا حکومەتی ئێران رێگەنادات بە ترانزێت بێت، بۆیە دەبێت بە فڕۆکە بێت، فڕۆکەش گرانە هەر کرێ بارێک 130 هەزار دۆلارە، 10 رۆژ پێش ئێستا کیلۆیەک کاوڕ بە هەشت هەزار دینار بوو، ئێستا بە 10 هەزار دینارە، ئەگەر گۆشتفرۆش بە 25 هەزار دیناریش بیفرۆشێت زیان دەکات، لەبەرئەوەی لەبە و دووگەکەی هەرزانتر دەفرۆشێت."
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی گۆشتی سوور، قایمقامیەتی سلێمانی داوای لە گۆشتفرۆشەکان کردووە هەر کیلۆیەک گۆشت بە 22 بۆ 23 هەزار دینار بفرۆشن، بەڵام ئەوانیش بەمە رازی نین چونکە دەڵێن نرخ بە زیندەکێش هەر لە سەرچاوەوە گرانبووە و ئەگەر ئاوابێت زیان دەکەن.
نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شار و شارۆچکەکان جیاوازە. بۆ نموونە لە سلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە.
کیلۆیەک گۆشتی مانگا لە سلێمانی بە 22 هەزار دینارە، لە هەولێر و دهۆک بە 18 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 16 هەزار دینارە.
هاوڕێ بەکر، گۆشتفرۆشە و دەڵێت، "بەنموونە ئاژەڵێکی 60 کیلۆیی دەکڕین، کەمتر لە 30 کیلۆی گۆشت بە دووگ و لەبەوە دەمێنێتەوە، بۆیە ئەو گۆشتەی دەیفرۆشین 24 یان 25 هەزار دینار لەسەر خۆمان دەکەوێت، لەوانەیە چەند هەفتەیەک بتوانم زیان بکەم لەبەر حورمەتی ئیشەکەم کە نزیکەی 29 ساڵە ئەم کارە دەکەم و ئامادە نیم بۆ مانگێک زیان کارەکەم لەدەستبدەم."
بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت کاریگەری لەسەر بەشێک لە چێشتخانەکانیش دروستکردووە، بەجۆرێک هەر شیشێک کەباب یان تکەی گۆشت 500 دیناری چووەتە سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ