رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ئەو سکاڵایەی لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارمان کردووە، نایکشێنینەوە."
رۆژی دووشەممە، 19-02-2024، زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "رژدین لەسەر ئەوەی سکاڵاکەمان بەپێی یاسا یەکلایی بکرێتەوە و بەهیچ شێوەیەکیش نایکشێنینەوە."
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لەسەر مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ جاری یازدەیەم، لەبارەی بڕیاردان بۆ دوو سکاڵای هاوشێوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەمواری پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنەکە، دانیشتنەکەی دواخست.
سکاڵاکەی دیکە، لەلایەن نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە.
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەپێی ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، هەروەها بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بە گوێرەی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30% کەمتر نەبێت.
مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت. بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022، تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات، بەڵام رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ