سێ گورگ دەچنە نێو شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەبنە هۆی ترساندنی هاونیشتمانییان

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی میدیاکانی ئێران بڵاوییان کردووەتەوە، سێ گورگ لە شەقامەکانی خورەمئاوای پارێزگای لۆڕستان  بینراون، کە بەهۆی برسێتییەوە هاتوونەتە نێو شارەکان، ئەمەش بووەتە هۆی ترساندنی هاونیشتمانییانی شارەکە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو گورگانە بەرەبەیانیی یەکشەممە، 18-02-2024، لە گەرەکێکی نیشتەجێبوون لە نزیکی شەقامی حەج کە دەکەوێتە باکووری شاری خورەمئاوا، لە کاتێکدا کە گەڕاون بەدوای خواردندا، بینراون.
 
بڵاوبوونەوەی دیمەنی گەڕانی ئەو گورگانە لە نێو شاری خورەمئاوادا بووەتە هۆی ترس و دڵەراوەکێ لە نێو دانیشتووانی شارەکەدا.
 
پێشبینی دەکرێت ئەو گورگانە بەهۆی بەفر و بارانبارینی زۆری چەند رۆژی رابردوو لە ناوچەکە، شاخ و بەرزاییەکانیان جێهێشتبێت و چوونەتە نێو شارەکان.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران زۆربەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە پارێزگای لۆرستانیشەوە گرتەوە و بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری شارەکانی پارێزگای لۆرستان رێژەیەکی زۆری بەفرباریوە کە بە هۆیەوە رێگەی 200 گوند داخران کە ئەمرۆ لە لایەن تیمەکانی رێگەوبانی ئەو پارێزگایەوە کرانەوە.