رێگەی 200 گوندی لۆڕستان کە بە هۆی بەفرەوە داخرابوون، کرانەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای لۆڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێگەی 200 گوند کە لە دوو رۆژی رابردوودا بە هۆی بەفربارینەوە داخرابوون، لە لایەن تیمەکانی رێگەوبانی ئەو پارێزگایەوە کرانەوە.
 
مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لۆڕستان رایگەیاند، لە 48 کاژێری رابردوودا رێگەی 200 گوندی ئەو پارێزگایە کە بە هۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە داخرابوون، دوای هەوڵدانێکی زۆری تیمەکانی رێگەوبانی ئەو پارێزگایە کرانەوە.
 
بە گوتەی مەهدی پازوکی، ئەو گوندانەی رێگەیان کراوەتەوە، دەکەونە سنووری شارەکانی ئەلیگودەرز و دلفان.
 
فەرمانگەی کۆنترۆڵی قەیرانەکان باسی بارانبارینی لە زۆربەی شار و ناوچەکانی پارێزگای لۆڕستانیش کرد و رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا زۆرترین رێژەی بارانبارین لە ناوچەی رومشکان بووە، بە 122 ملیمەتر و کەمترین باران لە شاری ئەزنا باریوە کە رێژەکەی 23 ملیمەترە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لۆڕستان دەڵێت، بە گشتی لەو شەپۆلەی دواییدا تێکرای بارینی باران لە ئاستی ئەو پارێزگایە 69 ملیمەتر بووە.
 
لە رۆژی چوارشەممە، 14ـی شوباتی 2024ـەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە کە تاوەکو ئێوارەی دوێنی شەممە، 17ی شوبات بەردەوام بوو.