بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کەمیکردووە

19-02-2023
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لەم رۆژانە بەراورد بە پێش روودانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان، بارهەڵگری کەمتری پێدا تێدەپەڕێت. بەپێی ژووری بازرگانیی دهۆک؛ لە دوای بوومەلەرزەکە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی دەروازەکەوە بەرێژەی 70٪ تاوەکو 80٪ دابەزیوە.
 
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک بە رووداوی گوت، "رێگەکان زۆر تێكچوون و هەفتەیەک زیاترە حکومەتی تورکیا نەیتوانیوە رێگەکان نۆژەن بکاتەوە کە بارهەڵگرەکان بتوانن هاتووچۆ بکەن، بۆیە ئەو کارەساتە [بوومەلەرزەکە] کاریگەری هەبووە و جووڵەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا رووی لە کەمی کرد."
 
فیدراسیۆنی بازرگانی و کۆمپانیاکانی تورکیا رایگەیاندووە، بوومەلەرزەکەی 6ـی ئەم مانگەی تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر لە 84 ملیار دۆلار زیانی لە باڵەخانە و ژێرخانی ئابووری داوە، لە نێوانیشیاندا رێگەوبان و ژێرخانی گاز و کارەبا. ئەمە کێشەی لۆجستیکی بۆ کاری بازرگانی دروستکردووە.
 
حەبەش جوندی، شۆفێری بارهەڵگر لە سلۆپی باکووری کوردستان دەڵێت، "دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لێرە روویدا، ئیشەکانمان راوەستان یان زۆر کەمبووەتەوە. پێشت ئێستا مانگانە دووجار هاتووچۆمان دەکرد، بەڵام ئێستا مانگی جارێکیش ناچین و زۆر بارهەڵگرمان لە ماڵەوە راوەستاون."
 
بە درێژایی دوو مانگی رابردوو کێشەی گواستنەوەی پارە و حەواڵە لە عێراقەوە بۆ دەرەوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاروباری بازرگانیی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی دروستکردووە. 80٪ـی حەواڵەی بانکە عێراقییەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە رەتکراوەتەوە.
 
سیپان سەعید، خاوەن کارگەی کارتۆن باس لەوە دەکات، "پێش ئەم بوومەلەرزەیەش بەهای دۆلار ناسەقامگیر بوو، دوای ئەوەش ئەم بوومەلەرزەیە روویدا، بۆیە ئیش هەمووی رووی لە کەمی کرد. ئێمە زیاتر کارمان لەگەڵ تورکیایە و زۆربەی کارگەکانی ئەو ولاتەش لە غازی عەنتابە [دیلۆک]، بۆیە بەهۆی بوومەلەرزەوە هەموویان کارەکانیان وەستاوە."
 
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق ساڵی 2022 نزیکەی 14 ملیار دۆلار بووە. حکومەتی عێراق و تورکیا کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بۆ ساڵانە 20 ملیار دۆلار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.