وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی یەکەم رۆژی رەمەزان: 22ی ئادار چاودێریی بینینی مانگ دەکەین

19-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، 22 یان 23ی ئادار لیژنەی بینینی مانگ چاودێریی بینینی مانگ دەکەن، بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان. 
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 19-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی 29ی مانگی شەعبان کە دەکاتە 22 یان 23ی ئادار، لقەکانی لیژنەی بینینی مانگ لە هەموو پارێزگاکان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن، بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، "بە تێلیسکۆپ و چاو لە ناوچە بەرزاییەکانەوە چاودێریی بینینی مانگ دەکرێت و بڕیاریش لای لیژنەی بینینی مانگە." 
 
ساڵی رابردوو، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی نیسانی 2022 کۆبووەوە و رۆژی 2ـی نیسانی 2022ـی بە یەکەم رۆژی رەمەزانی ساڵی 1443ـی کۆچی دیاریکرد. 
 
ساڵانە بەپێی رۆژمێری زایینی، مانگی رەمەزان 10 رۆژ پێش وادەی دیاریکراوی ساڵی پێشوو دەبێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە هاتنی مانگی رەمەزان، بینینی مانگ بۆ بە رۆژوبوون کراوەتە پێوەر.
 
هەموو ساڵێکیش لە دوایین رۆژەکانی مانگی شەعبان لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ چاودێریکردنی مانگ، داوا لە هەموو هاونیشتمانییانیش دەکەن چاودێری مانگ بکەن و مانگیان بینی لیژنەکە ئاگاداربکەنەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە