خێزانێکی عەفرین لە دهۆک: 20 کەسمان لە بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

بە جەستە لە کەمپی دۆمیزن لە دهۆک، بەڵام بە دڵ لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستانن، ئەمە حاڵی خێزانێکی پەنابەری خەڵکی عەفرینە کە 20 کەسیان بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
جگە لە گیانلەدەستدانی 20 کەس لە کەسوکاریان، 45 کەسی دیکەی ئەو خێزانە بریندارن، بۆیە دوای تێپەڕینی 13 رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکە، هێشتا لە پرسەدان، لەگەڵ ئەوەشدا هیچیان لەدەستنایەت بۆ کەسوکارەکەیانی بکەن، چونکە خۆشیان لە کەمپی دۆمیز پەنابەرن.
 
دایکی محەممەد، یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە عەفرینییەیە، دەڵێ "هەواڵمان بۆ هات لە چەند چرکەیەدا ئەوان چوون (گیانیان لەدەستدا)". لەبەر گریان بە زەحمەت قسەکانی تەواو دەکات و دەڵێ "زۆر زەحمەتە، هەرچۆنێک وەسفی بکەم".
 
باوکی محەممەدیش بە هەمان شێوە بە گریانەوە قسە دەکات و شوکرانەبژێری دەکات، دەڵێ "قوربانی خوا بم، کارەساتێکی وێرانکەر بوو، لەدوای جندرێس گوندی کاخر بوو، چی بڵێم، نازانم چی بڵێم".
 
ماڵباتێکی دیکەی جندرێس کە ئێستا لە کۆمەڵگەی دۆمیز لە دهۆک نیشتەجێن، پێنج کەس لە کەسوکارەکانیان گیانیان لەدەستداوە و چواریشیان بێسەروشوێنن و هێشتا لەژێر داروپەردوودان.
 
عەلی محەممەد رەشۆ، پەنابەری جندرێس لە کەمپی دۆمیزی دهۆک دەڵێ "یەکێکمان لەژێر داروپەردوو و داروپەردووەکەش زۆر قورسە، تەنانەت ئامێرەکانیش ناتوانن دەریبهێنن دەبێت دەرگا ببڕن هەتاوەکو دەریبهێنن... بریندار و گیانلەدەستدان زۆرن".
 
نزیکەی 250 خێزانی عەفرین لە دهۆک دادەنیشن، لەو ژمارەیە 160ـیان لە دەرەوەی کەمپەکانن و 90ـیشیان لەنێو کەمپی دۆمیز یەک و دوودا دەژین.