مەسرور بارزانی بۆ تیمەکانی هەرێمی کوردستان لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان: سەرتان بەرزکردین
رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی رزگارکردن و بەهاناوەچوونی هەرێمی کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
رۆژی یەکشەممە 19-02-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر رێگەی هەولێر - دهۆک پێشوازیی لە گەڕانەوەی تیمەکانی رزگارکردن و بەهاناوەچوونی هەرێمی کوردستان کرد کە لەدوای بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان (تورکیا و سووریا) وەکو یەکەم تیمی فریاگوزاری بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی رووداوەکە چوونە باکوور و رۆژئاوای کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازی لە تیمەکانی فریاکەوتنی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی تیمەکانی کرد کە لە یەکەم رۆژی بوومەلەرزەکەوە بە هانای لێقەوماوانەوە چوون.
تیمەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە تیمی بەهاناچوونی خێرا لە وەزارەتی ناوخۆ، تیمی تەندروستی و فریاگوزاریی وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سووری عێراق - لقی هەولێر.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئێوە وەکو یەکەم تیمی فریادڕەس گەیشتنە خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزەکە کە بەهۆیەوە زۆر کەس گیانیان لەدەستدابوو و زۆرێکی دیکەش لەژێر خانووەکاندا مابوونەوە، ئێوە دەستی یارمەتیتان بۆ درێژکردن و بەم کارەتان سەری ئێمەتان بەرزکردەوە. شانازیتان پێوەدەکەین."
مەسرور بارزانی بە تیمەکانی گوت: "بەو کارەی کردتان، ئەوەتان دووپاتکردەوە کە ئێمە خەڵکێکی خێرخواز و ئاشتیخوازین و ئەوەی پێمان بکرێت دەستی یارمەتی بۆ خوشک و براکانمان لە هەرکوێیەکی دنیابن درێژدەکەین، هەر کوردێکی خاوەن ویژدان لە هەر شوێنێکی دنیاش، سەری بە ئێوە بەرزە و شانازیتان پێوەدەکات."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە: "من هاتووم بۆ ئەوەی دەستخۆشیتان لێبکەم و بڵێم، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی دەستی یارمەتی بۆ هەر کەسێکی لێقەوماو لە هەر شوێنێک کە پێمان بکرێت، درێژبکەین."
وەک مەسرور بارزانی دەڵێت، "زۆرجار ئێمەش کەوتووینەتە دۆخی لەم شێوەیە کە پێویستیمان بە یارمەتی خەڵکی دیکە هەبووە، کە دەرگامان بۆ کراوەتەوە، دەزانین چەند خێرێکی گەورەیە. ئێستاش کە ئێمە دەتوانین ئەم یارمەتییە بگەیێنین بە خەڵکی لێقەوماو، واتای ئەوەیە کە ئێمە قەت چاکەی هیچ لایەک لەبیرناکەین و هەمیشە دڵ و مێشک و رووحمان لەگەڵ ئەو لێقەوماوانەیە کە پێویستییان بە یارمەتی ئێمەیە."
مەسرور بارزانی لەبارەی چوونی تیمەکانی هەرێمی کوردستان بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: "بەرپرسانی ئەم وڵاتانە رێز و سوپاسیان بۆ بەهاناوەچوونی ئێوە هەبووە و بە فەرمیش رایانگەیاندووە کە ئێوە یەکەم تیمی فریادڕەس بوون گەیشتنە ئەو شوێنانەی پێویستیان بە هاوکاری بوو."