ژنە پەنابەرێکی رۆژئاوای کوردستان لەنێو بازاڕی دهۆک چا و خواردن دەفرۆشێت


رووداو دیجیتاڵ

ژنە پەنابەرێکی رۆژئاوای کوردستان کە دانیشتووی کەمپی دۆمیزە لە پارێزگای دهۆک، لەنێو سەنتەری شاری دهۆک عەرەبانەیەکی گەڕۆکی هەیە، چا و خواردن دەفرۆشێت و دەڵێت، "ئەو کارە دەکەم بۆ ئەوەی بژێوی منداڵە دوو ساڵانەکەم دابینبکەم."
 
بێریڤان خەلیل بەیانیان کاژێر 9 نزیکەی سێ کیلۆمەتر بەپێ دەبڕێت تاوەکو دەگاتە شوێنی راوەستانی پاس، دواتر بەڕێدەکەوێت بۆ سەر کارەکەی، ئەو بە عەرەبانەیەکی گەڕۆکەوە بەردەوام لەنێو بازاڕی دهۆک دەگەڕێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دووجار عەرەبانەکەی بە کەلوپەلەوە بردراوە.
 
بێریڤان خەلیل گوتی، "داوا دەکەم شوێنێکی تایبەتم بۆ دابینبکرێت، تاوەکو ئێستا شارەوانی رەزامەندی نەداوە، رۆژانە نزیکەی 10 کاژێر لەسەر قاچەکانم دەوەستم و پێنج خولەک رادەوەستم دەڵێن قەدەخەیە و نابێت بوەستیت، ئەوە هەفتەیەکە لە تەنیشت پارکی نەورۆز دەوەستم، بەڵام حەز دەکەم شوێنێکی تایبەتم بدەنێ بۆ ئەوەی لێی بمێنمەوە."
 
سەباح مستەفا، شۆفێرە و باس لەوە دەکات، "بێریڤان زۆر ماندوو دەبێت، ئەو کارە حەلالە بە سەتان گەنجی ئەم سەردەمە ناکرێت، ئەو بۆ ماڵی خۆی کار دەکات و دەستی خۆش بێت."
 
ستار ئیبراهیم، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "بەڕاستی ئیشەکەی قورسە، ئەو ئیشەی کە دەیکات بژێوی خۆی پێ دابیندەکات و جێگەی شانازییە."
 
ئەو کارەی بێریڤان هێز و توانایەکی باشی پێویستە، چونکە ئەو لەنێو بازاڕی دهۆک تووشی قەرەباڵخی زۆر دەبێت، وەکو خۆی دەڵێت، ئەو کارەی بۆ دابینکردنی بژێوی کچە دوو ساڵەکەی، دایک و شەش خوشک و براکەیەتی، چونکە هاوژینەکەی نەماوە و باوکیشی مانگێکە کۆچی دوایی کردووە.
 
بێریڤان خەلیل باسی لەوەش کرد، "برایەکم لە سووریا شەهید بوو، برایەکی دیکەم لەماڵە و تەمەنی 12 ساڵە، کچەکەم تەمەنی دوو ساڵ و نیوە و لەلای دایکمە، دایکم خۆی نەخۆشە. منداڵەکەم تاوانی چییە، هەرکەسێک ببینێت پێی دەڵێت بابە، من لە کارم و باوکیشی مردووە." 
 
بێریڤان خەڵکی پارێزگای حەسەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 2013 هاتووەتە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 20 رۆژە دەستی بەو کارە کردووە، وەکو خۆی باسی دەکات، لە دۆخێکی خراپی داراییدایە و بەشێکی داهاتەکەی بۆ کڕینی چارەسەریی تەندروستییە بۆ دایکی، بەشێکی دیکەیشی بۆ بژێوی منداڵ و خوشک و براکانییەتی.