مین چاوەکانی سەڵاح دەبات و کچێک ژیانی دەگۆڕێت
رووداو دیجیتاڵ
سەڵاح سه‌عیدپوور تەمەنی 34 ساڵانە و دانیشتووی شاری مه‌ریوانه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، کاتێک ته‌مه‌نی ته‌نیا 15ساڵان بووە، به مه‌به‌ستی سه‌یرانکردن له‌گه‌ڵ ماڵباتەکەی ده‌ڕۆنه نزیک گوندێکی باشماخ له‌سەر سنووری هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینێکی چێنراو هه‌ردوو چاو و ده‌سته‌کانی له ده‌ست ده‌دات.
ئەوە وا لە سەڵاح ناکات لە ژیان بووەستێت، بەڵکو بەبێ گوێدانە کهمئهندامییەکەی، له چه‌ندین کێبڕکێی وه‌رزشی له‌سه‌ر ئاستی ئێران و جیهان سه‌رکه‌وتن تۆمار ده‌کات، سه‌ڵاح شه‌ش ساڵ پێش ئێستا ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و ئێستا له‌گه‌ڵ هاوژینه‌که‌ی چالاکڤانی ژینگەیین لە شارەکەیان.
مەریوان شارێکی سنوورییە و بە دووری 130 کیلۆمەتر لە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و یه‌کێک له شوێنه مینڕێژکراوه‌کان.
سه‌ڵاح ده‌بێته پاڵه‌وانی وه‌رزشی
بنه‌ماڵه‌ی سه‌ڵاح سه‌عیدپوور له کۆتاییه‌کانی پشووی هاویندا میوانداری بنه‌ماڵه‌یه‌کی فارسی ناسیاویانان کردبوو که له تارانه‌وه چه‌ن رۆژێک بوو چووبوونە مه‌ریوان، ئه‌وان رۆژێک به مه‌به‌ستی سه‌یرانکردن ده‌ڕۆنه نزیک گوندێکی باشماخ له‌سه‌ر سنووری هه‌رێمی کوردستان. سه‌ڵاح که ئه‌وکات 15 ساڵان بوو، له‌گه‌ڵ کوڕێکی هاوته‌مه‌نی خۆی که کوڕی بنه‌ماڵه تارانییهکه بووه، خه‌ریکی راخستنی راخەرەکان و ئاماده کردنی دانیشتنی میوانه‌کان ده‌بن که له‌ناکاو ته‌قینه‌وه‌ی مینێکی چێنراو بۆ هه‌میشه ژیانی سه‌ڵاح و بنه‌ماڵه‌که‌ی دەگۆڕێت، کوڕه میوانه‌که‌ش چاوێکی له ده‌ست ده‌دات.
سه‌ڵاح سه‌عیدپوور که ئێستا هه‌ردوو ده‌ست و چاوه‌کانی له‌ده‌ست داوه، به‌م جۆره "چیرۆکی خەمناکی" خۆی بۆ رووداو گێڕایەوە:
"من ساڵی 1986 له شاری مەریوان له دایکبووم، هه‌ر له مه‌ریوان درێژه‌م به خوێندن دا، دواتر یه‌کێک له قوتابییه زیره‌که‌کانی قوتابخانه‌که‌ی خۆمان بووم، ته‌مه‌نم 15 ساڵان بوو و له کۆتاییه‌کانی هاوینی ساڵی 2001 و نزیک کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌کان بوو، ئێمه‌ش بنه‌ماڵه‌یه‌کی تارانی ناسیاومان میوانمان بوون، پێیان خۆش بوو سنووری باشماخ له مه‌ریوان ببینن".
ئەو رۆژەی رووداوەکە روویداوە، رۆژی هه‌ینی 7-9-2001، بووە. سەڵاح دەڵێت "ئێمه‌یش نزیک نیوه‌ڕۆکه‌ی چوینە نزیک گوندی باشماخ له نزیک باخ و ره‌زه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یە بووین، دیمه‌نێکی دڵڕفێنی هه‌بوو، ویستمان هه‌ر له‌وێ نانی نیوه‌ڕۆ بخۆین، دوایی بە من و کوڕێکی هاوته‌مه‌نی خۆمیان گوت که کوڕی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه بوو له تارانه‌وه هاتبوون، زیلۆیەک [راخەرێک] رابخه‌ین بۆ دانیشتن".
سەڵاح دەڵێت، "جوان له بیرمه زیلۆکه گه‌وره بوو، لایهکیمان راخستبوو، لایه‌کی دیکەی مابوو، هه‌ندێک پووش له ژێریدا هه‌بوو ویستم لایببەم، بۆلای راسته‌وه سه‌یرم کرد، دایکمم بینی ئیدی بە یه‌کجاری به‌رچاوم ره‌ش بوو و دوای ئەوە هیچم بیر نییە، به‌ڵام وه‌ک باسی ده‌که‌ن، من و هاوڕێکه‌م که ئه‌ویش چاوێکی و دوو قامکی له ده‌ست دابوو، سواری ئۆتۆمبێل ده‌که‌ن بۆ نەخۆشخانەی مه‌ریوان، به هۆی نه‌بوونی کهرهستەی پێویست، له خه‌سته‌خانه‌ی مه‌ریوان به ئامبووڵانس بۆ سنه به‌ڕێیان کردین".
سه‌ڵاح به ده‌نگیکی دڵگیر و له‌سه‌ر خۆ قسه‌کانی درێژه ده‌دات، باسی لەوە کرد، پێش ئه‌وه‌ی باوکی بگاته نەخۆشخانەی سنه، وه‌ک براکه‌ی پێی گوتووە، "هه‌ردوو ده‌ستمیان قرتاندبوو، به‌ڵام بۆ ده‌رهێنانی گلێنه‌ی چاوم ره‌زامه‌ندیی باوکمیان ده‌ویست که ئه‌ویش چه‌ند کاژێرێکی پێ چوو تاوەکو گه‌یشته سنه، به‌ڵام بۆ به‌تاڵکردنی چاوم، باوکم ناڕازی بوو و گوتی، دەیبهمه تاران."
له‌و ماوەیەدا سەڵاح جارجار بێهۆش ده‌بێت و جارجاریش به ئاگا دێته‌وه دەڵێت، "که به‌ڕێیان کردم بۆ نەخۆشخانەیەک له تاران، هه‌ڵسوکه‌وتی پزیشکەکان زۆر ئازاری دام، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو برا گه‌وره‌که‌م داوای له پزیشکەکان کرد، فریام بکەون، چه‌ند پزیشکێکیش کۆبوونه‌وه، به‌ڵام که‌سیان برینپێچی سه‌ر چاومیان لا نه‌ده‌دا تاوەکو براکه‌م خۆی لایدا، پزیشکەکانی تارانیش به باوکمیان گوتبوو ته‌نیا رێگه‌چاره ده‌رهێنانی گلێنه‌ی چاوه‌کانێتی، چونکه به‌هۆی چوونی بارووت بۆ نێو گلێنه‌ی چاوم، ئه‌گه‌ری مردن زۆر بوو، به‌ڵام من وا هه‌ستم ده‌کرد که پزیشکەکان نه‌یانده‌ویست زۆر خۆیان ماندوو بکه‌ن و زۆر بۆیان گرنگ نه‌بوو، ئیدی باوکم ده‌زانێت هیچ چاره‌یه‌کمان نییه، دیسان گه‌ڕاندمییه‌وه بۆ سنه به مه‌به‌ستی نه‌شته‌رگه‌ری و ده‌رهێنانی گلێنه‌ی چاوم."
سه‌ڵاح تا ئهوکاتەیش ئاگاداری له ده‌ستدانی ده‌ست و چاوه‌کانی نەبووە، ته‌نیا هه‌ندێک جار گوێی له قسەی پزیشکەکان بووە، "له بیرمه له سنه کاتێک بردمیان بۆ ژووری نه‌شته‌رگه‌ریی چاوم، یه‌کێک لهپهرهستارهکان گوتی، 'بۆ ده‌یبه‌ن بۆ نه‌شته‌رگه‌ری خۆ خه‌ریکه ده‌مرێت؟' پزیشکەکە گوتی، 'به‌شکم نه‌مرێت تاوەکو ده‌یبه‌نه ژووری نه‌شته‌رگه‌ری."
سه‌ڵاح کە ئەو چیرۆکەی دەگێڕایەوە بێدەنگییەکی تێکه‌ڵ به خه‌مناکی بۆ چەند خولەکێک دایگرت، پاشان گوتی "دوای نه‌شته‌رگه‌ریی چاوم، کاتێک به‌ئاگا هاتمه‌وه، هه‌ر نه‌مده‌زانی چاوم له‌ده‌ستداوه یان ده‌ستم قرتاوه، ئیدی رۆژێک پزیشکەکە هات و گوتی، 'برینپێچەکانی ده‌ستی بکه‌نه‌وه بزانم پێویست نییه زیاتری لێ بقرتێنم؟' ئیدی له‌وێ زانیم ده‌ستم قرتاوه، به‌ڵام له به‌ر بنه‌ماڵه‌که‌م هیچم نه‌گوت، سه‌ره‌تا بۆ چاوم پێیان دەگوتم، دوای ماوه‌یه‌ک چاوت چاک ده‌بێت، به‌ڵام ورده ورده زانیم من بۆ هه‌میشه چاوه‌کانم لەده‌ستداوه، ئیدی دوای 20 رۆژ مانه‌وه له نەخۆشخانەی سنه هێنامیانه‌وه بۆ مه‌ریوان."
کەیسی قەرەبووکردنەوەی؛ "مووچەیەکی کەمیان بۆ بڕیمەوە"
سه‌ڵاح سه‌عیدپوور له‌سه‌ر که‌یسی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌که‌ی ده‌ڵێت، به‌هۆی دۆخی تایبه‌تیی خۆی ئاگاداری که‌یسه‌که‌ی نه‌بووە، به‌ڵام پاش ساڵ و نیوێک وه‌ک به‌رکه‌وته‌ی 70% "مووچه‌یه‌کی که‌میان" بۆ بڕیوەتەوە. دەشڵێت، هه‌رچه‌ندە هاتووچۆیه‌کی زۆریان بۆ تاران و سنه کردووە و چه‌ندین دانیشتن کراوە، بەڵام پاش سێ ساڵ، ئەو مووچه‌کەی وەرنەگرتووە بەتەواوی و به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیداریش پێیان گوتووە، "چاوەڕوان بە چاک دەبێت".
ئەو دەڵێت، پاشان رۆیشتووەتەوە بۆ تاران بۆ ناوه‌ندی گیانبازانی ئه‌وکات (ناوهندێکە تایبه‌ت به قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی قوربانییانی شه‌ڕ له ئێران)، به‌ڵام کاتێک به‌رپرسه‌که رێژه‌ی مووچه‌که‌ی بینیوە، پێی سه‌یر بووە، چونکه من یه‌ک له‌سه‌ر سێی مووچه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆمم وه‌رده‌گرت، پێی "گوتم هی خه‌مساردیی به‌رپرسانی سنه بووه و به هه‌وڵی ئه‌و به‌رپرسه مووچه‌که‌م بۆ رێژه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی زیاد کرا".
سه‌ڵاح ده‌ڵێت، پێش ئه‌وەی چاو و دەستی لەدەستبدات، هه‌ر حه‌زی له وه‌رزش بووە، "وه‌رزشی راکردنم ده‌کرد، به‌ڵام پاش له‌ده‌ستدانی ده‌ست و چاوه‌کانم، خێرا دۆخی تایبه‌تیی خۆمم قبووڵ کرد و له‌گه‌ڵی راهاتم، حه‌زم نه‌ده‌کرد ئه‌و دۆخه بکه‌مه کۆسپێک بۆ جیابوونه‌وه له کۆمه‌ڵگە و دەمزانی به خه‌مخواردن و دانیشتن هیچ کێشه‌یه‌ک حه‌ل نابێت."
ئەو قوربانییەی مین ئاماژە بەوە دەکات کاتێک یەکەم مەلەوانگە لە مەریوان دروستکرا چووەتە ناوی و توانیویەتی مەلە بکات، دەڵێت "زۆر خۆشحاڵیش بووم، پاشان رووم کردە وەرزشی راکردن، لە یەکەم کێبڕکێی راکردنی نابینایان لە شاری مەشهەد پلەی سێیەمم لەسەر ئاستی ئێران بەدەستهێنا، ئەو رووداوە پاڵنەرێکی باش بوو بۆ درێژەدان بە وەرزش".
سەڵاح ئاماژە بەوە دەکات، "له کێبڕکێ وه‌رزشییه جیاوازه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئێران تاوەکو ئێستا 27 مه‌دالیام بەدهست هێناوه که دوو مه‌دالیام له ساڵی 2004 له کێبڕکێی جیهانی راکردنی نابینایان له کۆماری چیک به‌ده‌ستهێنا و تا ساڵی 2006 هه‌ر له وه‌رزشی راکردن به‌رده‌وام بووم، پاشان له مهلەوانگهیهکی مه‌ریوان راهێنانم ده‌کرد و له وه‌رزشی بازدان له به‌رزاییش دوو مه‌دالیای زێڕم له ئاستی ئێران مسۆگه‌ر کرد، له لایه‌کی دیکەوە له کێبڕکێی مه‌له‌کردن له مه‌شهه‌د سێ مه‌دالیام به ده‌ستهێناوه."
ئەو چالاکڤانە کەمئەندامە تاوەکو ساڵێک پێش ئێستاش له وه‌رزشی مه‌له‌کردن به‌رده‌وام بووە، "به‌ڵام بەهۆی کۆرۆناوه یه‌ک ساڵه وەستاوە و ده‌ڵێت "به داخه‌وه به‌رپرسانی وه‌رزشی پارێزگای سنه هاوکاریی پێویستیان نه‌کردم، هه‌رچه‌ندە به‌راستی پاڵپشتی بنه‌ماڵه‌ی خۆم و خه‌ڵکی مه‌ریوان زۆر وره‌ی پێبه‌خشیوم."
سروە ژیانی سەڵاح دەگۆڕێت
شەش ساڵ پێش ئێستا ژیانی سەڵاح گۆڕانکارییەکی گەورەی به‌سه‌ردا هات، ئه‌ویش پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بوو لەگه‌ڵ کچێکی خەڵکی مه‌ریوان به ناوی "سروه ئه‌مینی". له‌بارەی ژیانە نوێکەیەوە ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی که راستی بێت ناتوانم به هیچ شێوه‌یه‌ک له خۆبووردوویی و هاوکاریی خێزانم به زمان ده‌رببڕم، له کاتێکه‌وه سروه هاتووەته ناو ژیانم، گۆڕانکارییه‌کی مه‌زن روویداوە، وا هه‌ست ده‌که‌م له دایکبوونێکی دووباره‌یه، سروه ئه‌وه‌نده ئارامی پێبه‌خشیوم که خۆم سه‌رسامم له که‌سایه‌تییه‌که‌ی، به‌رده‌وام هاوکاری و یارمه‌تی داوم."
سه‌ڵاح و سروه ئێستا ئه‌ندامی چالاکی رێکخراوی ژینگه‌یی "سه‌وز چیا"ـی مه‌ریوانن و چه‌ندین چالاکیی وه‌رزشییان ئەنجامداوە له‌وانه رۆیشتن به پایسکیل بۆ سه‌رده‌شت و هه‌ڵه‌بجه. سه‌ڵاح دەڵێت، "هەموو مرۆڤه‌کان ئه‌رکیانه که پارێزگاری له ژینگه بکه‌ن، من و هاوژینهکهیشم له‌م پێناوه‌دا بۆ پاراستنی ژینگه و ئاژه‌ڵان له رێکخراوه‌ی ژینگه‌یی سه‌وز چیایی مه‌ریوان چالاکی ده‌که‌ین."