مەسرور بارزانی: داوا لە هەموو لایەک دەکەم رێز لە سیستەمی دادوەریی هەرێمی کوردستان بگرن

19-02-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن دەستگیرکراوانی بادینان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایدەگەیێنێت، "داوا لە هەموو لایەک دەکەم رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات". 

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، 19-2-2021، تویتەکەی بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی کردووە کە ئاماژەیە بۆ کەیسی سزادراوانی بادینان. 

ئەوە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ هەینی، نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکدا رایدەگەیێنن، بە وردی چاودێریی دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانیان کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەبارەی پرسی ئازادیی رادەربڕین، بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدابووە. 

دادگەی هەولێر رۆژی سێشەممە 2021/02/16 پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەو راگیراوانەش بریتیبوون لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.

شەوی رابردووش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە دوا بڕیار نییە، بەپێی یاساش مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن. "چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگە و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە". 
 
هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد،  "ئە‌و بابەتە پرسێکی‌ یاساییە‌، بە‌ڵام بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی گومانی لای ھاووڵاتیان دروستكردووە‌ و ئە‌مە‌ش دە‌بێتە‌‌ مایە‌ی لە‌كە‌داركردنی ناو و ناوبانگی ھە‌رێمی كوردستان".
 
جێگری سە‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە داواکاری گشتی کرد، "رۆڵی خۆی بگێڕێت و هەروەها ‌لە دادگای پێداچوونەوەش بڕیاری دروست‌ بدرێت تاوەکو سە‌روە‌ری یاسا و ئازادی و دیمۆكراسی پارێزراو بێت".
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە