ئۆفیسی راگەیاندنی نێردەی ئەمریکا: کۆمەڵگە دیموکراتییەکان رێز لە ئازادیی رادەربڕین دەگرن
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکدا رایدەگەیێنن، بە وردی چاودێریی دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانیان کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەبارەی پرسی ئازادیی رادەربڕین، بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدابووە.
لە پەیامەکەی نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کۆنسوڵخانەی ئەمریکاش لە هەولێر بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پرسەوە. دەشڵێت، "کۆمەڵگە دیموکراتییەکان رێز لە ئازادیی رادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای راگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوه."
هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە عێراق هەمان پەیامی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی پرسی ئازادیی رادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ راگەیاندنکاران بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیش دەبێت لەسەری".
شەوی پێنجشەممە، 18-2-2021، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەمان پرس لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گەلی كوردستان ههرگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات و رێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکاربهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه له سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگە، سەربەخۆیيی دادگەش لە چۆنیەتيی کاری دادگە و دادوەرانەوە دەبینرێت. گوتیشی "دادگە و دادوەرانى بهڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سهروهريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت".
رۆژی سێشەممە 2021/02/16 دادگەی هەولێر پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەو راگیراوانەش بریتیبوون لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.
رۆژی سێشەممە 2021/02/16 دادگەی هەولێر پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەو راگیراوانەش بریتیبوون لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.