کۆمەڵ پاشگری 'ئیسلامی'یەکەی لابرد و ناوەکەیشی گۆڕی

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەینی لە دووەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکە، کۆمەڵ پاشگری "ئیسلامی"یەکەی لێکردەوە و ناوەکەی گۆڕی بە "کۆمەڵی دادگەریی کوردستان - عێراق". هاوکات پۆستی کەسی یەکەمی کۆمەڵ لە ئەمیرەوە گۆڕا بۆ سەرۆک.
 
فارووق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان - عێراق لەبارەی گۆڕینی ناوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند بڕگە و خاڵێک هەبوون لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکان رای جیاوازیان لەسەر بوو کە دەبوو لە کۆنگرە یەکلا بکرێتەوە. یەکێک لەوانەش "ناوی کۆمەڵی ئیسلامی" بوو. 

دوو بژارە هەبووە بۆ دیاریکردنی ناوی کۆمەڵ، یەکێکیان ئەوەبوو کە وەکو خۆی بمێنێتەوە کە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بوو، دووەمیش هەمووارکردنەوەی ناوەکەی بوو. فارووق عەلی گوتی، "لە کاژێر 10:00ــی سەرلەبەیانییەوە گفتوگۆیان لەبارەی ئەو بابەتە کردووە و رای جیاواز هەبووە لە سەری. هەموو لایەکیش بە ئازادانە رای خۆیان گوتووە".

دوای گفتوگۆ، بژارەکان خراونەتە دەنگدانەوە، بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵ، لە دەنگدانەکە کە کۆمەڵی ئیسلامی وەک خۆی بمێنێتەوە "دەنگێکی کەمی هێنا و زۆرینەی رەها بۆ هەمووارکردنەوەی بوو".  

پەیامی ئەو ناو گۆڕینە چییە؟

فارووق عەلی رایگەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی لە چەند قۆناخێکدا بەپێی بارودۆخەکە توانیویەتی گۆڕانکاری بەسەر خۆیدا بهێنێت. سەرەتا هێزی چەکداری هەبووە، بەڵام "پاش رووخاندنی رژێمی بەعس، پێمان وابوو کە پێویست نەماوە بۆیە لە ساڵی 2004، مەکتەبی عەسکەریمان هەڵوەشاندەوە". 

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان - عێراق ئاماژەی بەوە کرد، زەمینەی گۆڕانکاری لە کۆمەڵدا ئەزموونێکی تازە نییە. لە بارودۆخێکی جیاوازدا کۆمەڵی ئیسلامی ناوی نراوە، "بۆیە لەلای ئێمەی کۆمەڵ ناو ئامانج نییە و موقەدەس نییە، بەڵکو هۆکارە رۆژگارێک چەک سوودی لێبینراوە و ئەمڕۆش سوود لە خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی دەبینین". 

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گۆڕینی ناوی کۆمەڵ، بە گوتەی فارووق عەلی، دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە لەژێر ناوی ئیسلامیدا کە بە کاری تووندئاژۆیی "ئیسلام ناشرین دەکەن... بۆیە ویستمان لەو چوارچێوەیە دەرباز ببین". 

هەر لە کۆنگرەی چوارەم، پۆستی کەسی یەکەمی کۆمەڵ لە ئەمیرەوە گۆڕا بۆ سەرۆک. واتە عەلی باپیر دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵ.

 

کۆمەڵ ئەندامانی سەرکردایەتیی هەڵبژارد و گوتەبێژی کۆمەڵ باسی چۆنییەتی هەڵبژاردنەکە دەکات: