قوباد تاڵەبانی : داواکارم لە دادگای پێداچوونەوەدا بڕیاری دروست بدرێت

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سە‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە دادگای پێداچوونەوە دەکات بڕیاری دروست بدات لە دۆسیەی گیراوانی بادینان بۆ ئەوەی "سە‌روە‌ری یاسا و ئازادی و دیمۆكراسی پارێزراو بێت".
 
رۆژی سێشەممە 16-2-2021 دادگای هەولێر پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەوەش کاردانەوەی زۆری نێوخۆیی لێکەوتەوە.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سە‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا سەبارەت بەو پرسە رایگەیاند: "ئە‌و بابەتە پرسێکی‌ یاساییە‌، بە‌ڵام بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی گومانی لای ھاووڵاتیان دروستكردووە‌ و ئە‌مە‌ش دە‌بێتە‌‌ مایە‌ی لە‌كە‌داركردنی ناو و ناوبانگی ھە‌رێمی كوردستان".
 
جێگری سە‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە داواکاری گشتی دەکات "رۆڵی خۆی بگێڕێت و هەروەها ‌لە دادگای پێداچوونەوەش بڕیاری دروست‌ بدرێت تاوەکو سە‌روە‌ری یاسا و ئازادی و دیمۆكراسی پارێزراو بێت".
 
رۆژی رابردووش لەسەر ئاستی باڵاترین دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان داوا لە دادگا و دادوەران کرا بۆ پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی سەربەخۆ بن.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە رۆژی پێنجشەممە 18-2-2021 بڵاویکردەوە، سەبارەت بەو دۆسیەیە داوای لە دادگا و دادوەران کرد شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سه‌روه‌ريى یاسادا بپارێزن.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "گەلی كوردستان هه‌رگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات و رێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکاربهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه‌ له‌ سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگا، سەربەخۆیيی دادگاش لە چۆنیەتيی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت. دادگە و دادوەرانى به‌ڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سه‌روه‌ريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت". 
 
پێنج گیراوەکەی پارێزگای دهۆک بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان سزادراون. رۆژی چوارشەممە 17-02-2021، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی پرۆسەی دادگاییکردن و سزادانی دەستگیرکراوانی دەڤەری بادینان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا "پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌کە به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز و نوێنه‌ری كۆنسوڵی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌".
 
ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەش دەدات، کە رێكاری یاسای هه‌یه‌ بۆ تانه‌ لێدان له‌و بڕیاره ‌و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پیشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
 
ئەوانەی بە شەش ساڵ زیندانیی سزا دراون بریتین لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.