بۆچوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران جیاوازە

رووداو - رۆژهەڵاتی کوردستان 

بەهۆی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران، دار و دیوارەکان بە درووشمی کاندیدەکان تەنراون. هەر کاندیدێک بە کۆمەڵێک درووشم هەوڵی راکێشانی سەرنجی دەنگدەران دەدات.


لەو رۆژانەدا لە هەرکات زیاتر لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان باسی کورد و زمانی کوردی باوە. زۆربەی کاندیدەکان جلوبەرگی کوردی دەپۆشن و درووشمی نەتەوەیی دەڵێنەوە، کەچی لەنێو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ ناکرێت. ئەوان پێیانوایە کە ئەمە کەشێکە دێت و دەڕوات و ،خەڵک نابێ بە جیدی وەریبگرن. 

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت "ئەگەر موعجیزەش رووبدات و، تەواوی پەرلەمان ببن بە کەسانی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر، هیچیان پێناکرێت، چونکە سیستەم رێگەنادات". کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش داوای لە خەڵک نەکردووە هەڵبژاردن بایکۆت بکەن، بەڵام پێیوایە بەشداریکردن لە ھەڵبژاردندا بۆ ئەو لایەنانەی بیر لە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەکەنەوە، بێ پاساوە.

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)ش سیاسەتی هەروەک جارانە و پێیوایە "هەڵبژاردن شانۆیە و خەڵک نابێ بەشدار بن". کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار) و پژاکیش دەڵێن : رێبەری کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران دەیانەوێت پەرلەمانێکی یەکدەستی فەرمایشی پێکبهێنن. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەکارهێنانی یاسای داگیرکاری تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: پێویستی بە دەنگی خەڵک نییە. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانیش داوایکردووە : خەڵک نەکەونە داوی باڵ باڵێن و بەڵێنی بریقەدار.

جگەلەوەش کەمپینێک بەناوی "دەنگنادەم" پێکهاتووە، کە هەوڵدەدات بە بیرهێنانەوەی رووداوە مێژووییەکان، هەروەها دۆخی خەڵکی کورد، مەودای نێوان خەڵک و سندوقەکانی دەنگدان زیاد بکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)، هەڵوێستێکی جیاواز لە حیزبەکانی دیکەی هەیە. ئەو حیزبە لە بازنە جیاوازەکاندا خەڵک سەرپشک دەکات، خۆیان بە راوێژکردن لەگەڵ چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی بڕیار لەسەر بەشداربوون یان بایکۆتکردن بدەن. 

بەباوەڕی ئەو حیزبە، ئەگەر لە بازنەیەک هیچ کاندیدێکی هەڵگری داخوازییەکانی خەڵکی لێ نەبوو، بایکۆتکردن هەڵوێستێکی سیاسیی شیاوە، بەڵام ئەگەر لە بازنەیەک کاندیدێک هەبوو کە لەلایەن خەڵکەوە پەسندکراو بوو و لەگەڵ کاندیدێکی سەر بە حکومەت ببێتە ململانێیان، دەنگدان بە قازانجی ئەو کاندیدەی لەلایەن خەڵکەوە پەسندکراوە، دەتوانێ کاریگەرترین هەڵوێست بێت.

لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی دەڵێن بەهۆی رەتکرانەوەی بەربژێرە خەڵکیی و بەتواناکان، هەڵبژاردنەکان گەرمییەکی ئەوتۆیان پێوە دیار نییە، بەڵام لەوەش دڵنیا نین کە خەڵک دەنگ نادەن. ئەوان دەڵێن: دۆخی هەڵبژاردنی پەرلەمان جیاوازە و خەڵکی زیاتر گرینگی بە بوارە کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییەکان دەدەن. 


لە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 600 کەس خۆیان کاندید کردووە رکابەرایەتی دەکەن بۆ دانیشتن لەسەر 38 کورسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەرلەمانی ئێران. خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان پێیانوایە خولی شەشەمی لێدەرچێت کە فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد پێکهات، کەمتر پەرلەمانتارانی کورد، دەنگ و رەنگێکی کاریگەرییان لە پەرلەمانی ئێران هەبووە.