رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری دەڵێت، ئەمڕۆ پێشوازییان لە کۆنسووڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کردووە و چەند بابەتێکی هاوبەشیان باس کردووە، یەکێک لەوانە دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک وێنەی پێشوازییەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێشوازيمان كرد له بەڕێز ئارمان توبجو كۆنسووڵى گشتیی توركيا له هەولێر، و چەندين بابەتى هاوبەش دەربارەى سەردانى سەركردەى هێزەكانى هەسەدە له سووريا، بەڕێز مەزڵووم عەبدی بۆ هەرێم و ديدارى لەگەڵ جەنابى سەرۆک بارزانى، و كاروبارى ئێستاى هەرێم و سووريا و عێراق و ناچەكە باس كران".
لە لایەکی دیکە، کۆنسووڵخانەی گشتیی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، "لەگەڵ بەڕێز هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووینەوە و لەبارەی پرسە دووقۆڵی و ناوچەییەکان راوێژمان کرد. سوپاسی بەڕێز زێباری دەکەین بۆ میواندارییە هەمیشەییەکەیان".
رۆژی پێنجشەممە، 16-1-2025، هۆشیار زێباری رایگەیاند، لە هەولێر سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەتەوە.
هەروەها گوتی، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەولێر، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسیی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ