لە هەزاران مزگەوتی کوردستانەوە سەرکۆنەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، گوتاری هەینی لە زیاتر لە 3500 مزگەوتی هەرێمی کوردستان تایبەت دەبێت بە هێرش و پەلامارەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر.
گوتارەکە بە ناونیشانی "پەلاماردان و دەستدرێژی بۆ سەر کوردستان، دوورن لە بەھا پیرۆزەکانی ئایین و مرۆڤایەتی." دەبێت.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو بابەتە بۆ ئەوەی ببێتە گوتاری هەینی بەهۆی ئەوەیە کە قوربانیی لێکەوتووەتەوە، هێرشێکی بێ پاساوە و دژی بنەماکانی ئایینی ئیسلام و ئاینەکانی دیکەیە، کارەساتێکی گەورەیە و دەبێت مامۆستایانی ئایینی لەسەری بوەستن و باسی بکەن."
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن.