لە هەزاران مزگەوتی کوردستانەوە سەرکۆنەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکرێت

19-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، گوتاری هەینی لە زیاتر لە 3500 مزگەوتی هەرێمی کوردستان تایبەت دەبێت بە هێرش و پەلامارەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر. 
 
گوتارەکە بە ناونیشانی "پەلاماردان و دەستدرێژی بۆ سەر کوردستان، دوورن لە بەھا پیرۆزەکانی ئایین و مرۆڤایەتی." دەبێت. 
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو بابەتە بۆ ئەوەی ببێتە گوتاری هەینی بەهۆی ئەوەیە کە قوربانیی لێکەوتووەتەوە، هێرشێکی بێ پاساوە و دژی بنەماکانی ئایینی ئیسلام و ئاینەکانی دیکەیە، کارەساتێکی گەورەیە و دەبێت مامۆستایانی ئایینی لەسەری بوەستن و باسی بکەن."
 
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن.
 
بۆردوومانەکە گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
 
لە دوای هێرشەکە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەسەر ئەو هێرشە پێکهێنا و رۆژی سێشەممە، لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون. قاسم ئەعرەجی دواتر رایگەیاند ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەپێچەوانەی بانگەشەکان، بارەگای مۆساد نەبووە.
 
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."