لە بۆکان سێ هاونیشتمانی دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ 

‌سێ هاونیشتمانی دانیشتووی شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکران.
 
بەپێی زانیارییەکان، دوو لەو هاونیشتمانییانە بە ناوەکانی ناسر عەلیپوور، خەڵکی گوندی داشبەندی سەر بە شاری بۆکان و رێبوار کووهگەرد، دانیشتووی هەمان شار، رۆژی پێنجشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2024 لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شارەکەوە دەستبەسەرکران.
 
هەروەها هاونیشتمانییەکی دیکە بە ناوی ئارام سەبزی، تەمەن 30 ساڵ و خەڵکی بۆکان، شەوی چوارشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2024 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە. 
 
ئەو سێ هاونیشتمانییە بە مەبەستی لێپرسینەوە رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان کراون.
 
تائێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانە و تۆمەتەکانیان نەزانراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە پارێزگای ورمێ و شاری بۆکان هیچ روونکردنەوەیەکیان نەبووە. 
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، ‌هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بەسەر ماڵەکانیان داوە و ماڵەکانیان پشکنیوە، دەستیان بەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانیاندا گرتووە و بەشێک لە کەلوپەلی ناو ماڵەکانیشیان شکاندووە.