فرۆشی خانوو و شوقە لە باکووری کوردستان و تورکیا 17٪ کەمی کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

فرۆشی خانوو و شوقە لە باکووری کوردستان و تورکیا پاشەکشەی کردووە. دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، ساڵی رابردوو 35 هەزار خانوو و شوقە بە کەسانی بیانی فرۆشراون.
 
رۆژی هەینی، 19ـی کانوونی دووەمی 2024، دەستەی ئاماری تورکیا راپۆرتی ساڵی رابردووی فرۆشی خانووبەرەی لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ساڵی 2023دا لە سەرانسەری تورکیادا 1 ملیۆن و 225 هەزار و 926 خانوو و شوقە فرۆشراون. ئەوەش بەراورد بە فرۆشی ساڵی 2022، بە رێژەی 17.5٪ کەمتر بووە. 
 
ساڵی رابردوو زۆرترین فرۆشی خانووبەرە لە ئیستەنبووڵ بووە کە 198 هەزار و 739 خانوو و شوقە فرۆشراون، ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022، 16.2٪ کەمترە. ئەنقەرە لە ریزبەندی دووەم شاری تورکیا دێت لە زۆری فرۆشی خانوو بەو پێیەی پار 114 هەزار و 432 خانووی تێدا فرۆشراون و ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2022، 9.3٪ کەمیکردووە. ئیزمیریش بە فرۆشتنی 65 هەزار و 465 خانوو و شوقە تێیدا لە ریزبەندی سێیەم دێت و ئەویش بەراورد بە فرۆشی ساڵی 2022، بە رێژەی 5.3٪ کەمیکردووە. 
 
هەروەها ساڵی کەمترین فرۆشی خانووبەرە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان تۆمارکراوە. بۆ نموونە، لە ئەردەخان تەنیا 426 خانوو و شوقە، لە جۆلەمێرگ 501 و لە دێرسم 970 خانوو و شوقە فرۆشراون.
 
وەک دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، ساڵی رابردوو 35 هەزار خانوو و شوقە بە کەسانی بیانی فرۆشراون و ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 48.1٪ کەمیکردووە. 
 
زۆرترین فرۆشی خانووبەرە بە بیانییەکان لە ئەنتاڵیا تۆمارکراوە کە 12 هەزار و 702 خانوو و شوقە بوون؛ ئیستەنبووڵ بە 11 هەزار و 229 خانوو و شوقە و مەرسین بە 3 هەزار و 16 خانوو و شوقە لە ریزبەندی سێیەمدا دێن.