فەرماندەی لقی سنەی سوپای پاسداران: وەڵامی هەر جوڵەیەکی دژ بە ئێران دەدەینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی سوپای بەیتولموقەدەسی کوردستان کە لقی سوپای پاسدارانە لە پارێزگای سنە، ئاماژە بە هێرشی مووشەکیی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و سووریا دەکات و دەڵێت، "هیچ جوڵەیەکی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ وەڵام ناهێڵینەوە".
 
ئەمانوڵڵا گوشتاسبی، فەرماندەی سوپای بەیتولموقەدەس رۆژی پێنجشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2024، لە رێوڕەسمی بەبیرهێنانەوەی قوربانیانی بۆردوومانی سنە لە لایەن عێراقەوە، باسی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسدارانی کرد و رایگەیاند، "سوپای پاسداران هیچ جوڵەیەکی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ وەڵام ناهێڵێتەوە و هەر جوڵەیەکی دوژمن لە هەر شوێنێکەوە بێت، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە."
 
ئەمانوڵڵا گوشتاسبی گوتی، "لەو رۆژانەی دواییدا لە دووری 1300 کیلومەتر وەڵامی دوژمنمان دایەوە". گوتیشی. "ستراتیژی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی، جیاکردنەوەی ئەتنیکەکانی ئێران لە یەکدی بوو، بەڵام پیلانگێڕییەکەیان سەرکەوتوو نەبووە".
 
شەوی دووشەممە 15-01-2023، ئێران بە 11 مووشەک شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، کە پێنج مووشەکیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن. بە هۆی هێرشەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
هەر هەمان شەو، سوپای پاسداران بە 13 مووشەکی بالیستی چەندین شوێنی لە پارێزگای ئیدلب و رۆژهەڵاتی چەمی فورات بۆردوومان کرد.
 
رۆژێک دواتریش، ئێران بە مووشەک و درۆن چەند شوێنێکی لە نێو خاکی پاکستان بۆردوومان کرد، لە وەڵامیدا پاکستانیش دوێنێ پێنجشەممە چەند ناوچەیەکی سنووری ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلۆچستان بۆردوومانکرد.
 
لە لایەکی دیکەوە، عەبدولڕەزا پوورزەهەبی، گوتاربێژی نوێژی هەینی شاری سنە و نوێنەری عەلی خامنەیی لەو شارە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو و لە بارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران رایگەیاند، "مووشەکبارانکردنی پێگەکانی تیرۆریستەکان لەلایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە، وەڵامێکی بەپێزی رووداوە تیرۆریستییەکەی شاری کرمان بوو".
 
پوورزەهەبی گوتی، "سوپای پاسداران لە چەند رۆژی رابڕدوودا ژمارەیەک پیلانگێڕی لەناوبرد، بەڵام هەندێک کەس کە بانگەشەی بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ دەکەن، لە بەرامبەر بۆردوومانی شاری سنە بێدەنگ بوون و هیچ هەڵوێستێکیان نەنواند".
 
لە رۆژی 18-01-1987 لە شەری نێوان ئێران و عێراقدا، شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن چوار فڕۆکەی جەنگیی حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە بۆردوومان کرا و بە هۆیەوە 220 کەس لە خەڵکی سڤیلی شارەکە گیانیان لەدەستدا و 123 کەسیش بریندار بوون.
 
نوێنەری عەلی خامنەیی لە شاری سنە گوتی، هێشتا بە تەواوی تۆڵەی خوێنی شەهیدانی رووداوە تیرۆریستییەکەی شاری كرمان نەکراوەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024، دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا، کە بوونە هۆی کوژرانی 92 کەس و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
رۆژێک دواتر، داعش لە تێلیگرامی خۆیەوە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تەقینەوەکان بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن دوو خۆکوژەوە کراون.