ژنە پارێزەرێکی کورد لە سنە بە زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادرا


رووداو دیجیتاڵ 

گوڵاڵە وەتەندوست، پارێزەر و چالاکڤانی مافی ژنان لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دادگەی شۆڕشی سنەوە سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دادگاییکردنی گوڵاڵە وەتەندوست لە لقی یەکی دادگەی شۆڕشی سنەوە بەڕێوەچووە و بە شەش ساڵ و حەوت مانگ و 20 رۆژ زیندانیکردن سزا دراوە.
 
ئەو پارێزەرە کوردەی خەڵکی شاری مەریوان، بە "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت، هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.
 
بەپێی زانیارییەکان، دانیشتنی دادگەی ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی تەممووزی ساڵی 2023 بەڕێوەچووە و دۆسیەکەی بەمەبەستی پێداچوونەوە رەوانەی دادگەی پێداچوونەوەی سنە کراوە.
 
ئەو پارێزەرە کوردە، رۆژی دووشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2022، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەرکرابوو و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە تاوەکو کاتی دادگاییکردنی ئازادکرابوو. 
 
گوڵاڵە وەتەندوست لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندینجار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگکراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.