یەکێتی پێشنیازەکەی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە 'نەگونجاو' دەزانێت

19-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چاوەڕوانی پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی دانوستاندنەکانی لەبارەی پارێزگای کەرکووکەوە دەستپێبکات.
 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک پێشنیازێکی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستی پارێزگای کەرکووک بە "نەگونجاو" دەزانێت کە پێشنیازی کردبوو پۆستی پارێزگای کەرکووک هەر 16 مانگێک لەلای یەكێک لە پێکهاتەکانی کەرکووک بێت.
 
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک لەبارەی دانوستاندنەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگرەکانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پارێزگاکان پەسندبکرێت، ئەگەر بکرێت، هەفتەی داهاتوو دەست بە دانوستاندن دەکەین، سەرەتاش لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان دەبێت."
 
سەبارەت بە پۆستی پارێزگای کەرکووک، شێرزاد سەمەد گوتی: "پۆستی پارێزگاری کەرکووک هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە." لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە ئەو پۆستە "بۆ کورد دەبێت"، سەرباری ئەوەی وای دەبینێت "رێککەوتنەکان یەکلایی دەکاتەوە پۆستەکە بۆ کێ دەبێت."
 
ئەو بەرپرسەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک لەبارەی پێشنیازێکی بەرەی تورکمانی بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە، کە پێشنیازیکردبوو هەر 16 مانگێک بۆ یەکێک لە سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی پارێزگاکە "کورد، عەرەب، تورکمان" بێت و گوتی: "ئەو پێشنیازە نەگونجاو و نالۆژیکە، چونکە دەبێت پۆستی پارێزگار بۆ چوار ساڵ بێت، ئەوەی ئەوان باسی دەکەن لە هیچ پارێزگایەکی عێراق نەکراوە و ناکرێت، بۆیە نابێت کەرکووک جیاواز بێت."
 
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رۆژی 28ـی مانگی رابردوو بە فەرمی راگەیێندرا، لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنەی تێداکرا، لە 16 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگادا، کورد حەوتی بەدەستهێناوە، عەرەب شەش، تورکمان دوو و کریستیانیش خاوەنی کورسییەکن، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و دانانی پارێزگار کورد پێویستی بە هاوپەیمانییە.
 
ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمانەکان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2024 لە راگەیێندراوێکدا باسی ئەوەی کردبوو، "بەهۆی زەحمەتیی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک"، پێشنیاز دەکات پۆستی پارێزگاری کەرکووک 16 مانگ جارێک لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان ئاڵوگۆڕ بکرێت کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بە وەکالەت لەلایەن راکان جبوورییەوە بەڕێوەدەبرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە