چوار کەس لەسەر کوشتنی هاونیشتمانییەکانی دهۆک لە مێردین دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری مێردین رایدەگەیێنێت، چوار کەس لەسەر رووداوی کوشتنی چوار هاونیشتمانییەکەی دهۆک لە مێردین دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەی وردیش لە رووداوەکە بەردەوامە. 
 
ئەو چوار تۆمەتبارەی دەستگیرکراون ناویان (M.Ş, FA, AY, AK)ـە.
 
لەبارەی رووداوەکەی مێردینەوە
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، "چوار هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک" لە ئۆتۆمبێلێکدا کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە نەخۆشخانەی نسێبین دەستی کەوتووە، "هەموو ئەوانەی لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بە گوللـە لە سەریان دراوە."
 
ئەو کەسانەی کوژراون و بریندارەکەش خەڵکی دهۆکن. فارس بێزەلی، کوڕی یەکێک لە قوربانییەکانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی چووبوون و بەهۆی رووداوەکەوە چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
رووداوەکە رێگەی سەرەکی نوسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان روویداوە. 
ئەمین عەبدوڵڵا کوڕی یەکێک لە کوژراوەکان، بە رووداوی راگەیاند: "پێنج قوربانییەکە سەر بە دوو خێزانن، خێزانێکیان لە دایکێکی تەمەن 63 ساڵ و کوڕەکەی بە ناوی ئەحمەد پێکدێن. خێزانەکەی دیکەش لە شۆفێر و هاوژین و کچەکەی پێکهاتبوون."

ئەمین عەبدوڵڵا گوتی، ئەوان لە کاتی سەردانیکردنی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیاندا دەستڕێژی گوللەیان لێکراوە.

دەشڵێت: ئەمە یەکەم جار نییە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی هاووڵاتی شاری دهۆک سەردانی باکووری کوردستان بکەن، ئێستا رێکارە یاساییەکان تەواو دەکرێن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ دهۆک و پرسە لە دهۆک دادەنێن.

یەکێکی دیکە لە کەسوکاری قوربانییەکان ناوی حەربییە، بە رووداوی گوت: "نابێت تورکیا لەم رووداوە بێدەنگ بێت بۆ ئەوەی رووداوی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، دەشڵێت، "کەسوکاری ئێمە زۆر بە ناشرینی کوژراون، خێزانێکی مەدەنی لە خاکی تورکیا بەم شێوازە بکوژرێن، شەرمەزارییە بۆ وڵاتی تورکیا."
  
دایکی ئەو کوڕەی قسەی بۆ رووداو کرد، ناوی واحیدەیە و تەمەنی 63 ساڵان بوو. دەڵێت، بکوژەکان مەبەستیان بووە تەنیا تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن، چونکە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی نێو ئۆتۆمبێلەکە وەک خۆیانن و دەستکاری نەکراون.

ئەو کەسە برایەکیشی بریندارە، گوتی، "ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک کێشەمان نەبووە، بۆیە ناتوانم کەس تۆمەتبار بکەم، چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان دەکەین بزانین دەگات بەچی. ئێمە لەگەڵ تورکیا دراوسێین و دەبێت لەسەر ئەم رووداوە بێتە دەنگ." 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بە داخێکی زۆرەوە، دوێنێ شەو لە رێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین لە تورکیا، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش بریندارە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان راگەیاندووە و دەشڵێت، "لە کاتێکدا بە تووندی ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەم، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین کە بە زووترین کات هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە روون بکەنەوە و تاوانبارانیش رووبەڕووی دادگە بکەنەوە."
 
هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بە تووندی ئیدانەی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەین کە کرایە سەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییان، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بە زووترین کات بەدواداچوون بکات بۆ ئاشکراکردن و دادگایی کردنی تاوانباران."