رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، داوای گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ زێدی خۆیان دەکات، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەوڵی سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدەن و چارەسەنووسی بێسەروشوێنان دیاریبکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-01-2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە لایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و گوتی، "هەوڵی جیدی بدەن بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و شوێنی خۆیان".
سەرۆککۆماری عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "دەستخۆشی لەو بڕیارە دەکەین، بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو تاوانە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵی سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدەن و چارەسەنووسی بێسەروشوێنان دیاریبکەن و هەوڵی گەڕانەوەی ئاوارەکان بدەن بۆ سەر شوێن و ماڵ و حاڵیان".
ئەمڕۆ پێجشەممە دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ دەنگدان لەسەر بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچوو و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران کۆمەڵکوژییەکە بە جینۆساید ناسێندرا.
لە دانیشتنەکەدا میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدیش ئامادەبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا دۆسیەی شنگال دۆسیەیەکی نێودەوڵەتییە، بۆیە داوا لە عێراق دەکەین رێگە بدەن بۆ گەڕانەوەمان بۆ شنگال". دەشڵێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچینە بەغدا و پرسی شنگال لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باس دەکەین".
میری کوردانی ئێزی باس لەوەش دەکات، داواکاریی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئاوەدانکردنەوەی شنگالە بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت چیدیکە ئێزدییەکان لە ناو کەمپەکاندا بژین و هەوڵبدرێت بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، "هيوادارین ههمان ههنگاو له وڵاتانى ديكهى ئهوروپا و جيهان ببينين."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "سوپاس و پێزانينمان بۆ هاوكارى و پشتگيريى بهردهوامى ئهڵمانيا" هەیە و هیواش دەخوازێت هەمان ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە لایەن پەرلەمانی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و جیهانیش بدرێت بۆئەوەی "دادپهروهرى بۆ قوربانييان بهجێبێت."
دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە زمانی کوردی و ئەڵمانی لە سێ تویتدا لەبارەی بڕیارەکە نووسیویەتی، "سێ ساڵ لەمەوبەر ژنانێکی ئێزدیم لە باکووری عێراق بینی: رفێندرابوون، کۆیلە کرابوون، دەستدرێژییان کرابووە سەر. ئازارەکانیان بەرم نادەن. بوندستاگ بڕیاری دا، تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزدییەکان وەک خۆیان ناو بنێت: جینۆساید."
ئەو وەزیرە دەشڵێت، "ئێمە دەزانین هیچ بڕیارێکی پەرلەمانی لەم جیهانەدا ناتوانێت ئازارەکانی ئەوان بنبڕ بکات، بەڵام من بڕوایەکی قووڵم بەوە هەیە کە ئەم بڕیارە جیاوازییەک دروست دەکات: هەنگاوێکی چارەنووسسازە بەرەو داننان بە ئازارەکان و بەرەو دادپەروەری بۆ رزگاربووان."
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا هاتووە، "ئەمڕۆ وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەترین رەوەندی ئێزدییە لە جیهاندا. دەنگدانی ئەمڕۆش قەرزارباری رۆڵی ماندوونەناسانەی ئەوانە."
رەشنووسە 20 خاڵییەکە جگە لە داواکاریی داننان بە بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکات، لە لایەنی داراییەوە پشتیوانیی گەڕانەوەی کوردانی ئێزدیی ئاوارە بۆ ماڵ و حاڵیان بکات کە بە گوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی؛ تاوەکو ئێستا 135 هەزار و 860یان لە کامپەکانی دهۆک دەژین و 189 هەزار و 337ی دیکەشیان لە دەرەوەی کامپەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەژین.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، داعش 6417 کوردی ئێزدیی رفاندبوو، 3562 کەسیان رزگارکراون و 2693ی رفێندراوی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.
پەرلەمانی ئەڵمانیا بەو هەنگاوەی، بووە چوارەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێنێت. پەرلەمانی فەرەنسا وەک یەکەم پەرلەمان لە ساڵی 2016 کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند، دوای ئەوە هەریەک لە پەرلەمانەکانی هۆڵەندا و بەلجیکاش ئەو هەنگاوەیان نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ