کەسوکاری کوژراوەکانی رووداوەکەی مێردین: لە ئۆتۆمبێلەکەیان دابەزێندراون و بە گولـلە کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

کەسوکاری قوربانییەکانی مێردین دەڵێن، نازانن رووداوەکە بۆچی روویداوە، دوو خێزان پێکەوە رۆشتوون بۆ ئامەد، یەکێکیان بۆ چارەسەری پزیشکی و یەکێکی دیکە بۆ سەردانی کوڕەکەیان، بەڵام لە رێگەی مێردین لە ئۆتۆمبێل دابەزێندراون و بە گولـلە لە سەریان دراوە و چوار کەسیان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیان بە سەختی بریندار بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە. هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەڵێن چوار گومانلێکراویان دەستگیر کردووە.
 
بەرەبەیانی 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان چوار کەسی دوو خێزانی باشووری کوردستان لە ئۆتۆمبیلێکدا کوژران و یەکێکیش کە بە سەختی بریندار بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە کەمێک پێش ئێستا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
 
ناوی ئەو پێنج هاونیشتمانییەی دهۆک کە لە نزیک مێردین بە دەستڕێژی گولـلە کوژراون:
 
حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا: 69 ساڵ
چیمەن شاهین خالید: 75 ساڵ، هاوژینی حاجی عەبدوڵڵایە
هندرێن عەبدوڵڵا ساڵح: 39 ساڵ، کچی حاجی عەبدوڵڵایە
واحیدە حەیدەر جاسم: 63 ساڵ
مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم: 45 ساڵ
 
 
بۆ سەردانی کوڕەکەیان چوون و کوژران
 
ئەمین، کوڕێکی حاجی عەبدوڵڵایە کە قوربانییەکی رووداوەکەیە و کوژراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، برایەکی لە سەمسور خوێندکارە و دایک، باوک و خوشکەکەی بۆ سەردانی ماڵی ئەو برای رۆشتبوون، تاوەکو کاژێر 11:00ی شەویش بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ کردوون، دەوروبەری کاژێر 12:00 تەلەفۆنێکیان بۆ هاتووە لە کەسێکەوە کە خەڵکی دهۆکە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە رووداوێکی لەو شێوەیە روویداوە.
 
ئەمین گوتی، "کێشە و دووژمنایەتیمان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە، دەڤەری بادینان هەموویان باوکم دەناسن، ئەو پیاوێکی چاک بوو، نە کێشەی لەگەڵ کەس هەبوو، نە کەسیش کێشەی لەگەڵ ئەو هەبوو، نازانین هۆکاری رووداوەکە چی بووە و بۆچی روویداوە."
 
"لە ئۆتۆمبێل دابەزێندراون و بە گولـلە کوژراون"
 
لەو رووداوەدا تەنیا مەلا ئەحمەد جەلالەدین دەرچووبوو، بەڵام بە سەختی بریندار بوو و لە نەخۆشخانەیەکی مێردین نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ئەویش گیانی لەدەستدا.
 
 
د. فارس جەلالەدین، کوڕی واحیدە حەیدەر کە لە رووداوەکە کوژراوە و برای مەلا ئەحمەدە بە رووداوی گوت، "دایکم و براکەم بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی دیاربەکریان کرد، دوێنێ شەو دەوروبەری کاژێر 11:00 قسەمان لەگەڵ کردن، ئەوان لە چێشتخانەیەک بوون نانیان دەخوارد، تاوەکو دەوروبەری کاژێر 12:00 لەسەر خەت بووین لەگەڵیان، ئێستاش تازەترین قسە ئەوەیە کە لە ئۆتۆمبێلەکەیان دابەزێندراون و بە گولـلە لەسەریان دراوە."
 
بە گوتەی د. فارس جەلالەدین، لە ئۆتۆمبێلەکەیان دەستکاریی هیچ شتێک نەکراوە، کەلوپەلەکانیان هەر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە و دەستی لێنەدراوە، لە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە تەقەیان لێکراوە.
 
کوڕێکی دیکەی واحیدە بەناوی حەربی جەلالەدین، رووداوەکەی بە کارێکی "ترسنۆکانە" وەسفکرد و بە رووداوی گوت، "بەداخەوە بۆ رووداوێکی لەو شێوەیە، ئەو کەسانەی ئەو کارانەیان کردووە کەسانی ترسنۆکن، ئەگەر ترسنۆک نەبن ئەوە تەقە لە ژنێک ناکەن یان کچێک، ئەم رووداوە روونە و هەندێک زانیاری دەرکەوتوون."
 
حەربی جەلالەدین  گوتیشی، "لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دوو خێزان پێکەوەبوون، یەکێکیان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رۆشتووە بۆ دیاربەکر (ئامەد) و یەکێکی دیکە بە مەبەستی سەردانی کەسوکاری رۆشتووە، تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمنی بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن."
 
 
حەربی جەلالەدین داوا دەکات حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکەن و دەڵێت، "داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین خوێنی ئەو هاووڵاتییانە بەهەدەر نەچێت و بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوە بکەن، چونکە ئەمە رووداوێکی هاتووچۆ یان رووداوێکی ئاسایی نییە، ئەمە رووداوی کوشتنە."
 
هەوار جەلالەدین، کچی واحیدە حەیدەر جاسم و خوشکی مەلا ئەحمەد لەپێش نەخۆشخانەی مێردین قسەی بۆ عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، "دایکم و براکەم چەند رۆژێک بوو ئامادەکارییان دەکرد بۆئەوەی سەردانی دیاربەکر (ئامەد) بکەن. دایکم ویستی چارەسەری پزیشکی بۆ چاوی بکات، ئەو حەزی دەکرد لەلایەن پزیشکێکی تورک چارەسەر وەربگرێت و متمانەی بەوان زیاتر هەبووە، بۆیە لە شەوێک و رۆژێک بڕیاری خۆیان دا و بەرەو دیاربەکر (ئامەد) بەڕێکەوتن."
 
بە گوتەی هەوار جەلالەدین، ماڵی دایکی لەگەڵ ماڵی حاجی عەبدوڵڵا، کە ناسیاوێکی خۆیانە، دوێنێ چوارشەممە کاژێر 2:00ی دوانیوەڕۆ بەڕێکەوتن، هەوار دەشڵێت، "تاوەکو دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش بە تەلەفۆن لەگەڵیان لەسەر خەت بووین، دوای ئەوەی دەرچوون دایکم ژمارەی بەردەستبوو هەندێک کات براکەم ژمارەی دادەخرا، بەڵام دایکم بەردەوام ژمارەی بەردەستبوو تەنانەت وێنەیەکی بۆ ناردم گوتی، نان دەخۆین، زۆر دڵخۆش دیاربوون، کاژێر 2:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵ گەیشتە ئێمە کە کوژراون."
 
 
هەوار جەلالەدین، کە پێش گیانلەدەستدانی براکەی قسەی بۆ رووداو کرد، داوای کرد بەدواداچوونێکی ورد بۆ رووداوەکە بکرێت و دەڵێت، "ئەوەی روویدا شۆک بوو بۆ ئێمە، پێشبینیمان دەکرد رووداوی هاتووچۆ هەبێت، پێشبینی وەرگەڕانمان دەکرد، تەنیا پێشبینیی ئەوەمان نەکرد کە روویدا، ئێمە ناتوانین بڕوا بکەین، برای من لە دهۆک کەسێکی ناسراوە کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە، کەسێکی هێمن و رۆشنبیر بوو، بەڵام ئێستا نازانین بارودۆخی ئەویش چی بەسەردێت چونکە تەقە لە سەری کراوە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، دایکیشم ژنێک بوو خودا بۆ خزمەتکردن دروستی کردبوو هەرکەسێک پێویستی بە هاوکاری هەبا هاوکاری دەکرد، بەغەدر کوژراون، ئێمە هیچمان لەگەڵ کەس نییە."
 
ئەو خێزانە ئەوە یەکەمجار نییە تووشی رووداوی لەو شێوەیە ببن، هەوار دەڵێت، "ساڵی 1988 لە سەردەمی بەعس باوکیشم کوژرا کەس نەیدەزانی چۆن کوژرا و بۆ کوژرا و تائێستاش پرسیارە بۆ ئێمە، بەڵام هەرشتێک بێت ئەو کاتە شەڕ هەبوو و بیانوویەک هەبوو، بەڵام ئێستا هیچ بیانوویەک نییە بۆ رووداوەکە، کامیرا هەیە دەوڵەت زۆر شت دەزانێت دەتوانیت بە چەند خولەکێک رووداوەکە ئاشکرا بکات."
 
 
سەبارەت بە رێوشوێنەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە. هەوار جەلالەدین گوتی، "لە مێردین کار لەسەر رووداوەکە و هۆکارەکەی دەکرێت، لە دهۆکیش بە هەمان شێوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر خەتە لەگەڵمان."
 
تاوەکو ئێستا تەرمی حاجی عەبدوڵڵا و کچەکەی و هاوژینی رادەستی بنەمەڵەکەی نەکراوە، هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک لەگەڵ مەلا عەبدی کوڕە خاڵی حاجی عەبدوڵڵا قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ تەرمەکان دەگەنەوە دهۆک.
 
 
چوار گومانلێکراو دەستگیرکراون
 
دوای رووداوەکە پارێزگاری مێردین رایگەیاند، چوار کەس لەسەر رووداوی کوشتنی چوار هاونیشتمانییەکەی دهۆک لە مێردین دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەی وردیش لە رووداوەکە بەردەوامە. 
 
ئەو چوار تۆمەتبارەی دەستگیرکراون خەڵکی نوسێبینینن بە ناوەکانی (ئ.ک، ئ.ی، ف.ئ و م.ش).
 
 
ـ