بەهۆی بەفرەوە بە هێلیکۆپتەر خواردن دەبرێتە گوندی هانەگەرمڵەی رۆژهەڵاتی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی هەفتەیەکە بەفر لە سنووری گوندەکانی پاوە لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبارێت و بەهۆیەوە رێگەی گوندی هانەگەرمڵە و چەند گوندێکی دیکە داخراوە و دانیشتووانەکەی ناتوانن هاتووچۆ بکەن و خواردن و پێداویستیی دیکەیان لێبڕاوە. دانیشتوویێکی گوندەکە بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا بە هێلیکۆپتەر خواردن و هەندێک پێداویستی دیکەمان لە پاوەوە بۆ دێت."
گوندی هانەگەرمڵە لە ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە سنووری پاوەی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوسنوورە لەگەڵ بیارە و کیلۆمەتر و نیوێک لەیەکدی دوورن، ماوەی چەند رۆژێکە بەفر لەو گوندە دەبارێت و تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ مەتر بەفر لە شاخی تەتە و شاخەکانی دیکەی دەوروبەری باریوە.
هیوا هانەگەرمڵەیی دانیشتوویەکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی سێ رۆژە بەبێ کارەبا و ئاو دەژین و رێگەش داخراوە، هێڵەکانی پەیوەندیکردن کارناکەن و دۆخی دانیشتووانی گوندەکە زۆر خراپە و داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەین لەڕێگەی رووداوە."
ئەو هاونیشتمانییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا خۆی لە شارۆچکەی بیارەیەوە قسە دەکات و بۆ کڕینی نان و چەند پێداویستییەکی دیکە چوونەتە شارۆچکەکە.
هەروەها دانیشتوویەکی خەڵکی بیارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نزیکەی 25 خێزان لە هانەگەرمڵەوە بەهۆی کەشوهەوای سارد و بارینی بەفرێکی زۆر هاتوونەتە بیارە و لەوێ نیشتەجێبوون."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە چەند رۆژی رابردوودا ئاسایشی بیارە ئاسانکارییان بۆ خەڵک گوندەکە کردووە بۆ ئەوەی لە هانەگەرمڵەوە سەردانی بیارە بکەن و پێداویستییەکانیان بکڕن.
مەلا قادری قادر، ئیمام جومعەی پاوە رایگەیاند کە پەیوەندیی بە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان کردووە کە بە هانای خەڵکەکەوە بچن و "رزگارمان بکەن لەو نەهامەتییەی ئێمەی تێدایە."
بە گوتەی بنکەی هەواڵیی پاوە ئێستا بەرپرسانی رێگەوبان سەرقاڵی کردنەوەی ئەو رێگەیانەن کە بە بەفر گیراون و ئێستا گەیشتوونەتە گوندی دزاوەر کە چەند کیلۆمەترێک لە گوندی هانەگەرمڵە، کێمنە و بێراوس دوورە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە کاژێر 11:00ـەوە هێلیکۆپتەرێک لە پاوەوە رۆیشتووە بۆ هانەگەرمڵە بۆ ئەوەی خواردن و پێداویستییەکانی دیکە بنێرێت بۆ خەڵکەکە.
دوو هەفتە بەر لە ئێستا حکومەتی ئێران لەڕێگەی بۆرییەوە غازی گەیاندە گوندەکە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دانیشتووانەکەی دەتوانن سوودی لێوەربگرن.
هانەگەرمڵە گوندێکە لە هەورامانی رۆژهەڵات، بەشێكە لە هەورامانی لهۆن دەكەوێتە كۆتا خاڵی سنووریی لەنێوان هەورامانی رۆژهەڵات و هەورامانی باشوور. لە باكوورییەوە شاخی شرام و گوندی گەچێنە باخەكۆن و لە رۆژهەڵاتییەوە گوندی كەیمنە و و هاوسنوورە لەگەڵ ناحیەی بیارە و دەكەوێتە رۆژئاوایەوە، هەروەها لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ شارەدێی تەوێڵە.