رووداو دیجیتاڵ
لێژنەی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند گوتاری رۆژی هەینیی داهاتوو 21ی کانوونی دووەمی 2022ی لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت دەکرێت بە کۆماری کوردستان. سەرۆکی لێژنەکەش دەڵێت: "گرنگە رۆژە مێژوویی و نەتەوەییەکان بیری نەوەکانمان بهێنینەوە و رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان رۆژێکی پیرۆزە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-1-2022، بارزان باران، سەرۆکی لێژنەی باڵای ئامادەکردنی وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لە دانانی گوتارەکاندا رەچاوی بۆنە و پرسە ئاینی و مێژووییە نیشتیمانی و میللییەکان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها پرسە نێودەوڵەتییەکانیش دەکەین و بایەخی پێدەدەین و بەلامانەوە گرنگن، بۆیە گوتاری ئەم هەینییەمان تایبەتکردوە بە رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان کە رۆژێکی پیرۆزی مێژووی و نیشتیمانییە و پێویستە بیری نەوەکانی بهێنینەوە و ئەمەش زۆر گرنگە".
لە گوتارەکەی رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە کە ناونیشانی: "مافی گەلان لەئیسلامدا"ی هەیە، تێیدا هاتووە: "مرۆڤ لەسەر زەوی کۆمەڵێک ئەرک و مافی هەیە گرنگترینیان مافی ژیانە کە کۆمەڵێک ماف لەخۆ دەگرێت لەوانە مافەکانی زمان و ئازادی و نیشتمان و هی دیکەش، هەروەها ئاماژە بەچەندین ئایەتی قورئان و فەرموودەی پەیامبەری ئیسلام لەبارەی پێکەوەژیان و مافی گەلان کراوە، هەروەها هەڵوێستی مامەڵەکردنی پەیامبەری ئیسلام لەگەڵ جووەکان بەنموونە کراوە".
گوتارەکە بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبێت کە ئەمانەن:
- تەوەری یەکەمی گوتارەکە تایبەت دەبێت بە مافی گەلی کورد لەنێوان وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی بەناو ئیسلامی.
- تەوەری دووەمیش کۆماری کوردستان (مەهاباد)، کە لە گوتارەکەدا کورتەیەک لەسەر کۆماری کوردستان لەمەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان باسکراوە.
- تەوەری سێیەمیش تایبەتکراوە بە باسکردنی گرنگترین کارە سەرەکییەکانی کۆماری کوردستان لەکەمترین ماوەیدا لەوانە هاتووە دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشانەوەی رۆشنبیری و مەعریفی لەهەموو بوارەکانی رۆژنامەگەری و چاپ و بڵاوکردنەوە و دامەزراندنی چاپخانەی کوردستان، لەگەڵ پشتیوانیکردنی بەشداریی ئافرەت بۆ یەکەمجار و دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی لە سنووری مەهاباد و هاندانیان بۆ چوونە ناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ کردنەوەی ژمارەیەک قوتابخانە بۆ هەردوو رەگەز بەزمانی کوردی.
کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە 2ی رێبەندانی 2646ی کوردی، بەرامبەر بە 22ی کانوونی دوومی 1946 لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا، بەڵام بەهۆی گەلەکۆمەکیی نێودەوڵەتییەوە تەمەنی کۆمارەکە ساڵێکی نەخایاند و لە 15ی کانوونی یەکەمی 1946 سوپای ئێران چووە رۆژهەڵاتەوە و دەستی بەسەر مەھاباد دا گرت.
لە 31ی ئاداری 1947، قازی محەممەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد و لە هەمان ئەو مەیدانەی کە کۆماری کوردستانی لێ راگەیاندبوو لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ و خزم و بەرپرسانی کۆمار، لەسێدارەدران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ