بەفر و باران بارین مەترسییەکانی وشکەساڵییان کەمکردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
 چلەی زستانە و شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی باران و بەفر، مەترسییەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان کەمکردووەتەوە. زۆرترین رێژەی بارانبارین لە سنووری ئیدارەی راپەڕین باریوە و کەمترینیش لە سنووری ئیدارەی زاخۆ.
 
زستانی پار بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو کەمترین باران باری بوو، بۆیە باشووری کوردستان توندترین وشکەساڵی گرتەوە، ئەو وشکەساڵییە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ دووبارە نەبێتەوە، بەڵام کاریگەرییە خراپەکانی هەر بەردەوامدەبێت.
 
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "پێشبینییە درێژخایەنەکان بۆ ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دڵخۆشکەرن، ئەمساڵ بەراورد بە پار تاوەکو ئێستا رێژەیەکی زۆرتر باران باریوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت هێشتا نەگاتە ئاستی ئاسایی خۆی، بەڵام نزیک دەبێتەوە، هەر ساڵێکیش وشکەساڵی بێت کاریگەرییەکانی چەندساڵێک دەمێنێتەوە، بە تایبەتی لەسەر ئاوی ژێرزەوی."
 
رێژەی بارانبارینی ئاسایی بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی لە دەشتاییەوە بۆ چیاکان جیاوازە، ساڵانە لە دەشتی هەولێر و گەرمیان پێویستە نزیکەی 250 ملم باران ببارێت، لە مێرگەسۆر و پێنجوێنیش زۆرترین رێژە کە پێویستە زیاتر لە 1000 ملم بارانە.
 
وشکەساڵی سێ جۆری سەرەکی هەیە، وشکەساڵی کەشناسییانە، وشکەساڵی هایدرۆلۆجی و وشکەساڵی کشتوکاڵی.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، وشکەساڵییەکەی ساڵی رابردوو 50٪ کاریگەری خراپی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ وێڕای دواکەوتنی کاتەکەی، زۆری باران و بەفر لە چلەی زستان و بەردەوامییەکەی، پێشبینییەکانی بە ئاراستەی دۆخێکی باشتر گۆڕیوە.
 
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەگەر بارانبارین بەمشێوەیە بەردەوامبێت، بە تایبەتی تاوەکو مانگەکانی سێ و چوار، ئەوە بۆ کشتوکاڵ زۆر باش دەبێت و قەرەبووی ئەو دواکەوتنە دەکاتەوە کە ئەمساڵ بارانبارین لەکاتی خۆی دواکەوت.  
 
بڕیاری کۆتایی وشکەساڵی یان ساڵێکی ئاسایی بۆ باران لە کۆتایی مانگی چوار دەدرێت، بەڵام پێشبینییەکان ئەوە دەردەخەن، تاوەکو ئەو کاتە رێژەی بارانبارین نزیکبێتەوە لە ئاستی ئاسایی خۆی.
 
لە هەولێر رێژەی بارانبارین و جیاوازییەکانی لەگەڵ پار بەم شێوەیەن؛
 
2020 - 2021 تا ئەم کاتە لە هەولێر، 83 ملم باران باریبوو.
2021 - 2022 تاوەکو ئێستا لە هەولێر 156 ملم باران باریوە.
ئەمساڵ 72 ملم زیاتر باریوە. 
 
لە سلێمانی رێژەی بارانبارین و جیاوازییەکانی لەگەڵ پار بەم شێوەیەن؛
 
2020 - 2021 تاوەکو ئەم بەروارە 236 ملم باران باریبوو. 
2021 - 2022  تاوەکو ئێستا 229 ملم بارانباریوە. 
ئەمساڵ -7 ملم کەمترباریوە
 
لە هەڵەبجە رێژەی بارانبارین و جیاوازییەکانی لەگەڵ پار بەم شێوەیەن؛
 
2020 - 2021  تاوەکو ئەم کاتە 135 ملم باران باریبوو 
2021 - 2022  تاوەکو ئێستا 268 ملم بارانباریوە 
ئەمساڵ 132 ملم زیاتر باریوە 
 
لە کەرکووک رێژەی بارانبارین و جیاوازییەکانی لەگەڵ پار بەم شێوەیەن؛
 
2020 - 2021  تاوەکو ئەم کاتە 43 ملم باران باریبوو 
2021 - 2022 تاوەکو ئێستا71 ملم بارانباریوە 
ئەمساڵ 27 ملم زیاتر باریوە 
 
لە پارێزگای دهۆک رێژەی بارانبارین و جیاوازییەکانی لەگەڵ پار بەم شێوەیەن؛
 
2020 - 2021  تاوەکو ئەم کاتە 132 ملم باران باریبوو 
2021 - 2022  تاوەکو ئێستا 94 ملم بارانباریوە 
ئەمساڵ -38 ملم کەمترباریوە