لە سلێمانى بوتڵێک گیراوەى کەرەوز بە 120 هەزار دینار فرۆشراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی دەستبەسەر 200 هەزار پارچە دەرمانی بەسەرچوودا دەگیرێت و بوتڵێک ئاوی کەرەوز بۆ چارەسەر بە 120 هەزار دینار فرۆشراوە.
لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی شوێنێکی تایبەت بە فرۆشتنی دەرمانی گیایی دادەخەن کە بوتڵێک گیراوەی کەرەوز و ئاوی بە 120 هەزار دینار فرۆشتووە.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رێگەی لیژنەی تەندروستییەوە چاودێری ئەو شوێنانە دەکەن کە دەرمانی گیایی دەفرۆشن و لە کاتی بوونی هەر سەرپێچیەکدا رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرنە بەر.
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: "سکاڵایەکمان بە دەست گەیشت کە لە یەکێک لەو شوێنانەی دەرمانی گیایی دەفرۆشێت لە گەڕەکی چوارباخ کە گیراوەیەکی لە کەرەوز دروست کردووە و بە 120 هەزار دیناری فرۆشتووە. ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کرد و دەرکەوت وایە. بە فەرمانی قایمقامی سلێمانی شوێنەکەمان داخست و رێکاری یاسایی لە دژ دەگرینە بەر."
قایمقامیەتی سلێمانی 38 لیژنەی هاوبەشی بەدواداچوونی هەیە کە یەکێکیان لیژنەی تەندروستییە.
د. پەرست نەقشبەندی، ئەندامی لیژنەی قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "چەند کەسێک ئەو ماددەیەیان لەو شوێنە کڕیوە کە دەڵین گیراوەی کەرەوز بووە، بەڵام ئێمە بۆ دڵنیایی ناردوومانە بۆ پشکنین. دوای ئەوەی دەرکەوت کە ئەم ماددەیە تەنیا کەرەزە و هیچ شێوازێکی زانستیی تێدا نییە، ئەوا رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."
د. پەرست نەقشبەندی باسی لەوە کرد کە سەیرترین رووداو لەم بارەیە بینیبێتی ئەوە بووە کە "ماددەیەک بۆ جوانکاریی بەشێکی لەشی ئافرەتان فرۆشراوە کە وەک شاف بەکارهێنراوە. دواتر لە تاقیگەدا دەرکەوت کە ئەو ماددەیە خورمای سووتێنراوە کە بە سەروو 40 هەزار دینار دەفرۆشرا."