رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی دەڵێت، لەگەڵ کۆمپانیایەک رێککەوتوون، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ 45 نیڤشکان دابین بکەن کە رێژەی کەمئەندامییان 70٪ زیاترە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی کانوونی یەکەمی 2024، ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ کۆمپانیایەک گرێبەستمان کردووە بۆ ئەوەی 45 یەکەى نیشتەجێبوون (شوقە) بێبەرامبەر بە نڤیشکان بدرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی گوتی، "ئەو نڤیشکانانەی سوودمەند دەبن پێویستە دانیشتووی شاری سلێمانی بن، رێژەی کەمئەندامیان لە 70٪ زیاتر بێت، خیزانداربن، جگە لە مووچەی نیڤیشکانی هیچ مووچەیەکی دیکەیان نەبێت و پێویستە کرێچی بن."
ژیلوان عادل گوتیشی: "فۆڕمی پڕکردنەوە کارا کراوە، ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە دەتوانن تاوەکو 23-12-2024، فۆڕمەکە پڕبکەنەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، "لە دوای ئەوەی فۆڕمەکانیان پڕکردەوە، بە پشتبەستن بە خاڵبەندی و رێژەی هەژاری و ئەندامانی خێزان 45 نیڤشکان هەڵدەبژێردرێن و بەبێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوون وەردەگرن."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار نیڤشکان هەن، ئێستا 76 هەزاریان مووچەیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ